ڕەخنەیەک لە پارێزگارە بەوەکالەتەکەی هەڵەبجە

ڕەخنەیەک لە پارێزگارە بەوەکالەتەکەی هەڵەبجە

ڕەخنەیەک لە پارێزگارە بەوەکالەتەکەی هەڵەبجە؛
نوخشە ناسیح بۆ وادەکات؟

سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە


ئەگەرچی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئەم پارێزگایە دادەنرێت و هەزاران گەشتیار لە ناوخۆ و تەنانەت دەرەوەی کوردستان سەردانی هەڵەبجەیان کرد و هەنارەکەی لە بەرهەمە کشتووکاڵییەکاندا کردووەتە براندێکی بەناوبانگ، بەڵام سەرەڕای هەندێک کەموکوڕی گەورە کە بە سیمای شارەکەوە دیار بوو و لە شیرینی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەی کەمکردەوە، دەرخستنی کچەکەی پارێزگارە بەوەکالەتەکەش ڕەخنەیەکی گەورەتر لە کەموکەڕییەکانە کە هیوادارین لە بۆنەکان و لە فێستیڤاڵی داهاتوودا دووبارە نەکرێتەوە.
نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت، ماوەیەکە هەوڵی دەرخستنی کچەکەی دەدات و دەڵێی کچەکەی ئەو دەبێت لە گەڵ کچان و منداڵانی هەڵەبجە جیاواز بێت، ئەم نیازەی پارێزگار لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی کچەکەی تا فێستیڤاڵەکە دیار بوو.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، ئەوەیە کە نوخشە ناسیح دەیەوێت وەک منداڵانی بارزانییەکان کچەکەی دەربخات، واتە لە بەر ئەوەی دایکی بەرپرسە و کراوەتە پارێزگاری بەوەکالەت، دەبێت کچەکەی جیاواز بێت. ئەم جۆرە هەڵسووکەوتە تەنیا لەوەی بارزانییەکان دەچێت و پارێزگارەکەی هەڵەبجەش کە هەندێک جار وەک لایەنگری ئەوان دەرکەوتووە، هەوڵ دەدات کچەکەی جیاواز پیشان بدات.
ئەوەی لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی کچەکەی نوخشە ناسیحەوە تا کردنەوەی ڕێکخراو و هەوڵە ڕاگەیاندنەکەی لە فێستیڤاڵەکە بۆ دەرخستنی بینرا، ڕەخنەکەیەکی گەورەیە کە بێگومان هەوڵەکانی ناوبراوی لە پێناو بەڕێوەچوونی ئەم بۆنە گرنگە لە هەڵەبجەدا کاڵ کردووەتەوە، بە واتایەکی دیکە، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت ئەم بۆنەیەی کردە سەکۆیەک بۆ دەرخستنی کچەکەی.
وەک چۆن لە قوربانیداندا هیچ جیاوازییەک لە نێوان هەڵەبجەییەکاندا نەبووە و ماڵ بە ماڵی ئەم شارە لە پێناو کوردایەتی و نیشتماندا قوربانییان داوە، ئێستاش لە هەر هەنگاوێک بۆ گەشە و پێشکەوتنیدا هەمووان هاوبەشن و هیچ جیاوازییەک لە نێوان خەڵکەکەیدا نییە.