عێراق و دۆخی پاش هەڵبژاردنەکان
عێراق و دۆخی پاش هەڵبژاردنەکان
سەروەت هەڵەبجەیی
هەڵبژاردنە ناوخۆییەکەی ئەم دواییەی عێراق چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوە، هەڵگری گرنگی و بایەخێکی زۆر بوو. پرۆسەکە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە ناوچەکە بە هۆی شەڕی زیاتر لە دوو ساڵەی غەززەوە لە ژینگەیەکی ناجێگیردا بوو و عێراقیش بە هۆی گرووپە چەکدارەکانی بەرەی خۆڕاگرییەوە بەدەر لەم ئاڵۆزی و هەڕەشانە نەبووە.
ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنانەش لە دوو ڕوانگەوە تاوتوێ دەکرێت. یەکەم: ئەنجامی دەنگدان و دووەم: قۆناغی پاش هەڵبژاردنەکان کە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران لەخۆدەگرێت.
سەرەڕای ئەوەی کە موقتەدا سەدر کەسایەتییە سیاسی و ئایینییە تۆراوەکەی عێراق ئەم پرۆسەیەی بایکۆت کردبوو، ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک بەراورد بە خولەکانی ڕابردوو زیادیکرد و ئەمەش پەیامێکی گرنگی بۆ چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی هەبووە.
بەڕێوەچوونی بێ کێشەی هەڵبژاردنەکان و دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی، گرنگییەکی پێکهاتەیی هەبووە. دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆیی چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ڕەوتێکی جێگیری پێگەیشتنی سیاسی لە نێو عێراقییەکاندا پیشان دەدات، کەواتە عێراقییەکان 22 ساڵ پاش ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام، گەیشتوونەتە قۆناغێکی سیاسیی بەدامەزراوەکردن، ڕووداوێک کە لە دەیان ساڵ پێش 2003 قەد بەئەزموون نەکراوە.
خاڵی گرنگی دیکە بۆ ئەدای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەگەڕێتەوە کە پرۆسەکەی بە شەفافی و بە پشت بەستن بە توانای ناوخۆیی جێبەجێ کردووە.
بەڵام عێراق ئێستا ڕووبەڕووی کێشەی جیدی بووەتەوە. یەکەم کێشەش بۆ دیاریکردنی فراکسیۆنی زۆرینە دەگەڕێتەوە کە ئەرکی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی دەکەوێتە ئەستۆ. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە شێوازێکە کە هیچ هاوپەیمانی و لایەنێک بە تەنیا فراکسیۆنی زۆرینە نییە.
کێشەی دووەم بۆ ڕێژەی کاریگەریی کاراکتەرە دەرەکییەکان لە سەر پرۆسەی سیاسیی پاش هەڵبژاردنەکانی عێراق دەگەڕێتەوە. ئایا ئەمریکا دەتوانێت ئێران و گرووپەکانی نزیک لەم وڵاتە بێ کاریگەر بکات یان تاران لەم دۆخە ناوچەییەی پاش 7 ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە دەتوانێت سەر لە نوێ و ئەمجارە لە عێراقەوە خۆی ڕێکبخاتەوە.
بەدەر لەمەش عێراق هێشتا پلانێکی ڕوونی بۆ چاکسازی ئابوری، چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری و لە هەمووش گرنگتر چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان نییە و ئەمەش دەتوانێت کاریگەری تایبەت بە خۆیی هەبێت.
هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران پێویستی بە کۆدەنگی ناوخۆیی لە ناو پێکهاتەکانی سوننە، کورد و شیعەدا هەیە و ئەمەش پێویستی بە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە و چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و بە تایبەت کەلێن و بۆشاییە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. عێراق تەنیا لەم حاڵەتەدا دەتوانێت قەیرانی پاش هەڵبژاردنەکان کۆنتڕۆڵ بکات.