گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل؛ دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل؛ دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟
*********
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
تا دێت ئەگەری پێکدادانی دووبارەی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر دەبێت. میدیا جیهانییەکان ئامادەکاری سەربازیی هەر دوو لایان بە پیشاندەری دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی شەڕی نێوان ئەم دوو دوژمنە ناو بردووە.
چەند میدیایەکی ئیسرائیلی وەک پێگەی ئیسرائیل هیۆم ڕایانگەیاندووە کە تەلئەبیب تا یەک مانگی داهاتوو یان لە سەرەتای ساڵی نوێ هێرش دەکاتە سەر ئێران و ئامانجی هێرشەکەشیان بە ڕووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ناو بردووە.
لە ئێرانیش، سوپای پاسداران مانۆڕێکی دەریایی دەست پێدەکات، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری شەڕێکی دەریایی لە کەنداو و گەروی هۆرمۆز کە ئامانجەکەی ڕێگرییە لە هاتووچۆی ئاسایی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و کاریگەرییەکانی لە سەر وڵاتانی کڕیاری نەوت، بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوا. هەروەها باس لە کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری ڕووسی و سیستەمی بەرگری ئاسمانیی چینی دەکرێت.
سەرچاوە ئەورووپییەکان ڕایانگەیاندووە کە تەلئەبیب و تاران ڕەنگە لە ترسی هەر هێرشێکی پێشوەختەی لایەنی بەرامبەر، هێرش بکەنە سەر یەکتر.
ئێران سێ مەرجەکەی ئەمریکای بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ڕەتکردووەتەوە و وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر واشنتن داوای بە سفر گەیاندنی پیتاندنی یورانیۆم دەکات، ئەوا هیچ ڕێکەوتنێک لە ئێستا و داهاتوودا ناکرێت.
لە هەمان کاتدا ئێران ژمارەی مووشەکە بالستییەکان بە تایبەت هایپەرسۆنیکەکانی زیاد کردووە و خۆی بۆ شەڕێکی گەورەی ناوچەیی ئامادە دەکات.
ئیسرائیل هاوشانی هێرشی سەربازی، چاوی بڕیوەتە کاردانەوەی خەڵکی ئێران لە دژی حکومەتی ئەم وڵاتە و پێی وایە کە قەیرانی دارایی، بێکاری، هەژاری، قەیرانی ئاو و وشکەساڵی هاندەری خەڵک دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان.
نتانیاهۆ لە نامەکەیدا بۆ سەرۆک کۆماری ئیسرائیل داوای دەرکردنی لێبوردنی لە دۆسیەکانی دادگاییکردنی خۆیدا کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە چەند مانگی داهاتوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری گەورە بەخۆوە دەبینێت.
هاوکات سەرۆک کۆماری ئەمریکا بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی کردووە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی واشنتن بکات.
ئەگەر بۆ سەردانەکانی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و هەروەها جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق بگەڕێینەوە، دەتوانین بڵێین کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئاساییدا تێپەڕ نابێت و زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هەست بە بۆنی شەڕ دەکرێت.