نەیارەکەی حەماس لە غەززە کوژرا؛ یاسر ئەبوشەباب کێ بوو؟
نەیارەکەی حەماس لە غەززە کوژرا؛ یاسر ئەبوشەباب کێ بوو؟
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاندووە کە " یاسر ئەبوشەباب " سەرکردەی گرووپێکی نەیاری حەماس لە کەرتی غەززە کوژراوە.
کەناڵی 14ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە ناوبراو لە میانەی شەڕی غەززەدا هاوکاری تەلئەبیبی کردووە.
هێشتا وردەکاری کوژرانی یاسر ئەبوشەباب بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام " یینون مەگال " پەیامنێری ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لە لایەن هێزەکانی حەماسەوە کوژراوە. ڕادیۆ ئیسرائیلیش ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.
حەماس پێشتر چەندین تۆمەتی وەک ئاژاوەگێڕی لە کەرتی غەززە، تەقەکردن لە فەڵەستینییە برسییەکان لە ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان و شەڕی دژ بە گرووپە فەڵەستینییەکانی ئاراستەی ئەبوشەباب کردبوو.
یاسر ئەبوشەباب کێیە؟
یاسر ئەبوشەباب ساڵی 1993 لە شاری ڕەفەح لە کەرتی غەززە، لە هۆزی تەرابین، لەدایکبوو. ناوبراو هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ڕێگەیەکی جیاوازی گرتەبەر.
ئەبوشەباب وازی لە خوێندن هێنا و ڕووی هێنایە قاچاخی جگەرە و ماددە هۆشبەرەکان. ساڵی 2015 بە تۆمەتی تاوانی ڕێکخراو لە لایەن بزوتنەوەی حەماسەوە دەستگیر کرا و سزای 25 ساڵ زیندانی بەسەرداسەپێندرا.
یاسر ئەبوشەباب پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، لە زیندان هەڵهات و قۆناغێکی نوێی چالاکییەکانی دەستپێکرد.
ناوبراو دواتر گرووپێکی چەکداریی پێکهێنا و لە کانوونی دووەمی 2025 لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح بە ناوی " قوات الشعبییە " بوونی خۆیی ڕاگەیاند.
گرووپەکە سەرەتا نزیکەی 100 ئەندامی هەبوو و دواتر گەشەی کرد و ژمارەکە گەیشتە 300 کەس. بەشێک لە ئەندامەکانی گرووپەکە لە لایەن ئەبوشەبابەوە هەڵدەبژێران و بەشێکی دیکەی دەکەوتە ئەستۆی دەزگای هەواڵگریی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین.
یاسر ئەبوشەباب بە هەبوونی پەیوەندی لە گەڵ گرووپە سەلەفی و جیهادییەکانی سینا و تەنانەت داعش ناسرابوو و لە هەمان کاتدا هەڵوێستێکی زۆر توندی بەرامبەر بە حەماس هەبوو.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیسرائیل، بە تایبەت ئەڤیگدۆر لیبرمەن وەزیری پێشوو لە کابینەکانی حکومەتی تەلئەبیب، دانیان بەوەدا ناوە کە لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە هاوکاری گرووپەکەی ئەبوشەباب کراوە و بە جۆرێک گرووپەکە لە ژێر چەتری هاوکارییەکانی سوپا و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلدا بووە.
پشتیوانی ئیسرائیل لە گرووپی " قوات الشعبییە " بەشێک لە ستراتیژی تەلئەبیب بۆ بەرەنگاربوونەوەی حەماس بووە. ئێستا بە کوژرانی سەرکردەی ئەم گرووپە، پرسیار ئەوەیە کە ئایا هاوکارییەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت یان گرووپەکە پاش ئەبوشەباب کۆتایی دێت؟/.