پارتی و لافاوەکەی هەولێر؛ بانگەشەی زۆر و قەیرانێکی بەردەوام
پارتی و لافاوەکەی هەولێر؛ بانگەشەی زۆر و قەیرانێکی بەردەوام
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
هەموو ساڵێک لە هەر دوو وەرزی بەهار و پاییزدا شاری هەولێر تووشی دیاردەیەکی مەترسیدار بە ناوی لافاو دەبێتەوە. کە باران بارینەکە تەواو دەبێت پارێزگاری هەولێر دەڵێت پلانمان داڕشتووە ڕێگری لە لافاو بکەین، بەڵام هەر لافاوەکە دێت و بەهێزتر لە جارانیش دەبێت، هەرچەندە ئەمساڵ وشکەساڵی ڕێژەی باران بارینی کەمکردووەتەوە.
لە وڵاتانی جیهاندا بە پلانێکی ئەندازیارییانە ڕێگری لە ڕووداوە سرووشتییەکانی وەک لافاو دەکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ساڵانێکە ئەم بانگەشەیە لە سەر زاری بەرپرسانی پارتی بە تایبەت ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دووبارە دەبێتەوە و بەڵێن بە خەڵک دەدەن، کەچی هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕدرێت و تەنانەت کێشە و گرفتەکانی خەڵک و مەترسییەکانی لافاوەکەی هەولێریش زیاتر دەبێت.
پێشتر بەرپرسانی پارتی چەندین پلانیان بۆ چارەسەری قەیرانی لافاوی هەولێر ڕاگەیاندبوو، وەک:
• لە کاتی لافاودا دەنگەدەنگ بکرێت تا خەڵک ئاگادار ببنەوە.
• لە کاتی لافاودا خەڵک بچنە شوێنە بەرزەکان.
• موڵەتی تەقەی لافاو لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بە تیمەکان بدرێت بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی خەڵک.
ئێستا هەولێر لە چاوەڕوانی یەکەم لافاوی ئەمساڵدایە. بەرپرسانی پارتی لە شارەوانی و پارێزگا دەڵێن خۆمان ئامادە کردووە و تیمەکان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. ڕاستییەکەش ئەوەیە کە دیسانەوە هەڕەشەی لافاو وەک خۆی ماوەتەوە و بووەتە مەترسییەک لە وەرزی باران باریندا./.