چەندین سیناریۆ و چارەنووسی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان
چەندین سیناریۆ و چارەنووسی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچووە و پارتی و یەکێتی وەک براوەی زۆرترین کورسییەکان چەندین گەڕی دانوستانیان بۆ پیکهێنانی کابینەی نوێ بەڕێوەبرد، بەڵام نە کابینە پێکهێنرا و نە بەم دۆخەی پاش هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ئاسۆیەکی بۆ بەدیدەکرێت.
یەکێتی شەراکەتی ڕاستەقینەی دەوێت و پارتیش بە هەمان نەفەسی پاوازنخوازیی هەمیشەیی، باس لە هێڵە سوورەکانی دەکات. سەرەڕای ئەمەش ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی هەر دوو حیزب لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وایکردووە کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت.
لە ئێستادا سێ سیناریۆ بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە کە بریتین لە:
یەکەم:
1 – ڕێکەوتنێکی گشتگیر بە نێوەندگێڕیی ئەمریکا:
لەم سیناریۆیەدا پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی یەک پاکێجدا پۆستەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا دابەش دەکەن. ڕۆڵ و نێوەندگێڕیی ئەمریکا لەم سیناریۆیەدا زۆر گرنگە و دەتوانێت بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هێور بکاتەوە. بە پێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا بە تایبەت لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر، ئەم سیناریۆیە دەتوانێت بەهێز بێت و بە کردەوە جێبەجێ بکرێت.
2 – پێکهێنانی کابینە بە بێ بەشداری یەکێتی:
بەرپرسانی پارتی لە پاش هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوام هۆشداری ئەوەیان داوە کە ئەگەر دانوستانەکان لە گەڵ یەکێتی بە تەواوی شکست بێنێت، بە بێ ئەم حیزبە، کابینەی نوێ پێکدەهێنن. هەرچەندە دۆخی هەرێمی کوردستان و ئەوەی لە لایەن پارتی و یەکێتی لە هەولێر و سلێمانی دەبینرێت، بوونی وەها پلانێک لاواز دەکات، بەڵام ئەگەر پارتی پێداگری لە جێبەجێکردنی وەها سیناریۆیەک بکاتەوە، پۆستەکانی یەکێتی بە بەتاڵی دەمێننەوە تا دواتر ناچار بە قبووڵکردن و بەشداری لە کابینەی حکومەتدا دەبێت. ڕاستییەکە ئەوەیە کە سەرکردایەتی یەکێتی وەها بارودۆخێکی سەپێندراو قبووڵ ناکات.
3 – دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان:
دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان یان هەڵبژاردنی پێشوەختە بە سیناریۆیەکی لاوازتر دادەنرێت. هەرچەندە پارتی پێی وایە کە هەڵبژاردنەکانی عێراق هاوکێشەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان بەرەو گۆڕانکاری بردووە و دەتوانێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە جیاوازی دەنگەکانی لە گەڵ یەکێتی زیاتر بکات، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆیە لە ڕوانگەی جیاجیاوە بە ئەستەم دادەنرێت.
چارەنووسی کابینەی دەیەم:
ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە و یەکێتی پێداگری لە سەر ماف و داواکارییەکانی خۆی بکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا پارتی هێڵە سوورە دیاریکراوەکانی بێنێتە پێشەوە، پێشبینی دەکرێت حوکمڕانیی کوردستان وەک ئێستا بەردەوام بێت، کەواتە هەر دوو حیزب لە کابینە ماوەبۆدرێژکراوەکەی نۆیەمدا بەردەوام دەبن و هەر یەک دەسەڵاتداری ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان دەبن. وەک چۆن کە لە پاش هەڵبژاردنەکانی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 تا ئێستا وەها بووە.