ئایا ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەداتە هەرێمی کوردستان؟

ئایا ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەداتە هەرێمی کوردستان؟

ئایا ئەمریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەداتە هەرێمی کوردستان؟

سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە

هەرێمی کوردستان ساڵانێکە بە پێی هەڕەشەکان (هێرشە درۆنییەکانی سەر هەولێر و ژێرخانەکانی وزە بە تایبەت کێڵگەی غازی کۆرمۆر) داوای سیستەمی بەرگریی لە ئەمریکا کردووە. ئەگەرچی ئەمریکییەکان هیچ هەنگاوێکی کردارییان لەو بوارەدا نەبووە، بەڵام ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە وایکردووە واشنتن خۆی بەنیازی جێگیرکردنی وەها سیستەمێک لە هەرێمی کوردستان بێت.

لە پاش هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە زیانێکی زۆری بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاند و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ قەیرانی کارەبای زیندوو کردەوە، بارزانییەکان (نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) بە فەرمی داوایان لە ئەمریکا کرد سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕادەستی هەرێمی کوردستان بکات. هەرچەندە جێگیرکردنی ئەو سیستەمە هێندە ئاسان نییە و پێویستی بە تیمێکی پسپۆڕ و شارەزا و دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییەکانی وەک مووشەک هەیە و تێچوویەکی زۆریشی دەوێت، بەڵام وەک ڕێبوار کەریم وەلی ڕایگەیاند بارزانییەکان پاش هێرشەکەی کۆرمۆر بۆ پاراستنی سەری ڕەش داوای سیستەمی بەرگرییان لە ئەمریکا کردووە.

ئەمریکییەکان لەم قۆناغەدا بە پێچەوانەی ڕابردوو، ئەوەیان ڕەتنەکردووەتەوە کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن. بەڵام لە ڕاستیدا جێگیرکردنی ئەو سیستەمە ئامانجی تایبەت بە خۆیی هەیە و بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە تایبەت گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەگەڕێتەوە.

ئەمریکا ئەگەر وەها پلانێکی هەبێت، سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە بنکەی هەریر جێگیر دەکات و بەوەش دەتوانێت هەر مووشەکێک لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل بکرێت یان بیەوێت بنکە سەربازی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج، پووچەڵ بکاتەوە، کەواتە ئامانجی سەرەکی ئەمریکا دەبێتە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئیسرائیل نەک ئەوەی هەرێمی کوردستان دەیەوێت.