ئەو 4 گرووپەی کە لە لایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست ناسراون، بریتین لە: بزوتنەوەی نۆجەبا، کەتیبەکانی شوهەدا، بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا و کەتیبەکانی ئیمام عەلی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەێندراوێکدا کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک گەورەترین لایەنگری حکومیی تیرۆریزم لە جیهاندا ناساندووە کە بە پشتیوانی لە میلیشیاکان، دەرفەتی پلانداڕێژی و ئاسانکاری یان جێبەجێکردنی هێرشەکانی لە عێراقدا بۆ ئەوان دابین کردووە. لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە هێرشەکانی دژ بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبووە و هەموو کات بۆ شاردنەوەی تێوەگلانی خۆیان، ناوی نادیار و گرووپەکانی دیکە بەکاردێنن. بە تیرۆریست ناساندنی ئەو گرووپانە لە لایەن ئەمریکاوە دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ سەپاندنی ئەوپەڕی گوشار لە دژی ئێران و پچڕانی داهاتەکانی تاران و هاوپەیمانەکان و گرووپەکانی سەر بەم وڵاتە.