ئایا ئیسرائیل تورکیا پەلکێشی شەڕ دەکات؟

ڕووگە - هێرشی سەر قەتەر گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلی لە ئێستاوە توندتر کردووە و پرسیاری لەبارەی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە درووستکردووە. شرۆڤەکارانی ئیسرائیل پێیان وایە لە دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە، ئیسرائیل دکتۆرینی ئاسایشی نیشتمانی خۆیی گۆڕیوە بۆ ئەوەی هەموو هەڕەشە ئەگەرییەکان وەک هەڕەشەی دەستبەجێ مامەڵەی لە گەڵدا بکات، نەک دواخستنی وەڵامدانەوە.

ئەگەر هەرگیز خاڵێکی نوێی گرژی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیادا هەبووبێت، 9ی ئەیلولی 2025 ڕێک ئەو خاڵەیە؛ ئەو ڕۆژەی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر قەتەر دەستپێکرد و سەرکردە باڵاکانی حەماسی کردە ئامانج کە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەوە. بەم هێرشە ئاسمانییانە، ئێستا ئیسرائیل شەش وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە ئامانج لە شەڕی دوو ساڵەی دژی حەماس، ئەوانیش فەڵەستین (غەززە)، لوبنان، سوریا، یەمەن، ئێران و پاشان قەتەر. لەم دواییانەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە نتانیاهۆ وەک خزمێکی هیتلەر وایە. ئێستا پرسیارێکی گەورە لە مێشکی ئەردۆغان و کابینەکەیدا دێتە ئاراوە، ئایا تورکیا دەبێتە ئامانجی داهاتوو؟ ئایا تورکیا ئەندامی ناتۆ نییە؟ بۆچی تورکیا سەرەڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆیە، هەست بە هەڕەشە دەکات بە هۆی هێرشی ئیسرائیلەوە؟ ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر هۆشدارییەکی بە تورکیا داوە: دوا پەناگەی حەماس لە تورکیا دەتوانێت ببێتە ئامانجی داهاتوو. زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسەتی دەرەوە پێیان وایە ئەندامێتی تورکیا لە ناتۆ پارێزگاری لە هێرشی ئیسرائیل ناکات. دەکرێت هێرشی ئیسرائیل بە بەرگریکردنێکی ڕەوا لە خۆ لە دژی سپۆنسەری دەوڵەتی تیرۆر هەژمار بکرێت و وەڵامی بەکۆمەڵی ناتۆ بە پێی مادەی پێنجەم ئۆتۆماتیکی نییە. دەکرێت ئەم پلانە لە لایەن ئەندامانی سەرەکی وەک ئەمریکا یان تەنانەت سوید و فینلەندا کە کینەیان لە ئەنقەرە هەیە، ڤیتۆی لە سەر بکرێت. فڕۆکەکانی ئیسرائیل سەرکردەکانی حەماسیان لە قەتەر کردە ئامانج کە یەکێکە لەو میرنشینانەی کەنداو کە هێرشیان کردە سەر. سەرکردەکانی حەماس دەوحەیان بە ماڵی خۆیان دەزانی و ڕەنگە پێیان وابوو کە بوونیان لە قەتەر پارێزبەندی تایبەتیان بۆ دابین دەکات، بەڵام ئیسرائیلییەکان نەک هەر وەک زۆرێک لە هێرشەکانی پێشوویان هێرشی شاراوە و ئینکاریکراویان بەکارنەهێنا، بەڵکوو هێرشی ئاسمانییان بەکارهێنا و کاردانەوەکانی واشنتن پشتڕاستی دەکاتەوە کە هێرشەکە بە هەماهەنگی تەواو لە کۆشکی سپییەوە ئەنجامدراوە. ناتۆ ڕێکخراوێکی کۆدەنگییە و بە دەگمەن بڕیارەکانی یەکلاکەرەوەن. سوید و فینلەندا توڕەن لەو ڕەشبگیرییەی کە تورکیا سەپاندی کاتێک پەیوەندییان بە هاوپەیمانی بەرگرییەوە کرد. تورکیا بە داوای سنووردارکردنی ئازادییە مەدەنییەکان بۆ هاووڵاتیانی سویدی بە ڕەچەڵەک تورک و تەنانەت لە دۆسیەی سویددا تەنانەت ڕادەستکردنەوەی چالاکوانێکی کورد، نیگەرانی کردوون. کەواتە ڤیتۆکردن لە دژی تورکیا لە ستۆکهۆڵم یان هێلسنکی بژاردەیەکی ئەگەرییە. سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان،

 سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام ئەمریکا ڕووبەڕووی ئەگەری ڤیتۆی تورکیا دەبێتەوە. بەڵام ئایا تورکیا ئامادەیە بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە؟ ئایا تورکیا ئامادەیە بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل؟ هێرشی سەر قەتەر گرژییە ئاڵۆزەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلی زیاتر کردووە و پرسیاری لەبارەی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە درووستکردووە. شرۆڤەکارانی ئیسرائیلی پێیان وایە لە دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە، ئیسرائیل دکتۆرینی ئاسایشی نیشتمانی خۆیی گۆڕیوە بۆ ئەوەی هەموو هەڕەشە ئەگەرییەکان وەک هەڕەشەی دەستبەجێ مامەڵەی لەگەڵدا بکات، نەک دواخستنی وەڵامدانەوە. سەرکردەکانی ئیسرائیل بە خودی نتانیاهۆشەوە چەندین جار سوێندیان خواردووە کە کەسایەتییەکانی حەماس " لە هەر شوێنێک بن " ڕاو بکەن و تورکیا یەکێکە لەو شوێنانەی کە گوایە بەشێک لە ئەندامانی حەماس تێیدا نیشتەجێن. کەواتە ناکرێت بڵێین تورکیا بە هەر هێرشێکی ئیسرائیل تووشی شۆک دەبێت. تورکیا لەم دواییانەدا وەبەرهێنانی خۆی لە توانای بەرگریی مووشەکی و ئاسمانیدا زیاد کردووە و سەرەتای ئەمساڵ پەردەی لە سەر سیستەمی نوێی مووشەکی بالیستی و کرۆز لادا. هەروەها ئەردۆغان ناوەندێکی توێژینەوەی بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەری بەرگری ئەسێلسان کردەوە کە لە ژێر ناوی مارکەی " ستیل دۆم " ڕادار و شەڕی ئەلیکترۆنی و بەرگری ئاسمانی پەرەپێدەدات. لەوانە سیستەمی بەرگری ئاسمانی SİPER کە دەتوانێت ئامانجەکان لە مەودای 150 کیلۆمەتردا بپێکێت. ئەوەی جێگای سەرنجە، لە ڕۆژی هێرشەکەی سەر قەتەردا، ئەسەلسان گرێبەستێکی نوێی بە بڕی یەک ملیار و 900 ملیۆن دۆلار لە گەڵ حکومەتی تورکیا واژۆکرد بۆ بەرهەمهێنان و گەیاندنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە نێوان ساڵانی 2027 بۆ 2031. هەروەها تورکیا مانگی ڕابردوو دەستیکرد بە درووستکردنی پەناگەی بۆمب لە هەر 81 پارێزگاکەیدا. بەڵام تەحەددیاتەکان هەروا ماونەتەوە. فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف 16 ی تورکیا کۆنە و دانوستانەکانی لە گەڵ ئەمریکا بۆ پەیوەستبوون بە پرۆگرامی ئێف 35 وەستاوە. ئەمەش ئەنکەرەی ناچار کردووە کە پلاتفۆرمە خۆماڵییەکانی وەک فڕۆکەی جەنگی نەوەی داهاتووی کان کە بڕیارە لە ساڵی 2030 درووست بکرێت و فڕۆکەی بێ سەرنشینی کیزیلما پەرەپێبدات. بەڵام شرۆڤەکارانی تورکیا پێیان وایە هەر پێشێلکارییەکی ئاسمانی تورکیا لەلایەن ئیسرائیلەوە وەڵامدانەوەی دەستبەجێ و قورسی لێدەکەوێتەوە./.