ڤەنزوێلا لە کوێیە و چەندە نەوت و زێڕی هەیە؟
ڤەنزوێلا لە کوێیە و چەندە نەوت و زێڕی هەیە؟
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
لەم ڕۆژانەدا ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و ڕووخانی دەسەڵاتەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، بووەتە بابەتی گەرمی میدیا جیهانییەکان. ڤەنزوێلا بە هۆی پەیوەندی نزیک لە گەڵ ئێران و هەروەها سامانی سرووشتی، چاوی ئەمریکییەکانی لە سەرە.
ڤەنزوێلا کە دەکەوێتە ئەمریکای باشور، بە فەرمی گەورەترین هەڵگری یەدەگی نەوتە لە جیهاندا. لە ڕووی زێڕیشەوە، چوارەم گەورەترین هەڵگری کانەکانی زێڕی دەرهێنراوە لە جیهاندا.
زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەی کاریبی پەیوەندی بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە یەدەگی بەرفراوانی نەوت و زێڕی ڤەنزوێلاوە هەیە.
ڤەنزوێلا لە کوێیە و چەندە نەوت و زێڕی هەیە کە وایکردووە وڵاتێکی وەک ئەمریکا وەها چاوی لەسەری بێت؟
ڤەنزوێلا لە کوێیە؟
ڤەنزوێلا کە بە فەرمی کۆماری بۆلیڤاری ڤەنزوێلایە، دەکەوێتە بەشی باکوری ئەمریکای باشور. وڵاتەکە دەکەوێتە نیوەگۆی باکور و ڕۆژئاوا و بە ڕووبەری نزیکەی 916.445 کیلۆمەتری چوارگۆشە، سی و سێهەمین وڵاتی گەورەی جیهانە. ڤەنزوێلا لە باکورەوە لە گەڵ دەریای کاریبی و زەریای ئەتڵەسی، لە ڕۆژهەڵاتەوە لە گەڵ گویانا و لە باشورەوە لە گەڵ بەرازیل و لە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاواش لە گەڵ کۆڵۆمبیا هاوسنورە.
پایتەختەکەی کاراکاسە و دەکەوێتە دۆڵە شاخاوییەکانی باکوری ئەو وڵاتە. ژمارەی دانیشتووانی ڤەنزوێلا زیاتر لە 30 ملیۆن کەسە. جوگرافیای ڤەنزوێلا هەمەچەشنە: لە چیای ئەند لە باکوری ڕۆژئاوا لە گەڵ لوتکەکانی وەک پیکۆ بۆلیڤار (4978 م) تا دەگاتە فەلاتەکانی گویانا لە باشوری ڕۆژهەڵات و دەشتەکانی ناوەڕاستی لانۆس و دێڵتای ڕووباری ئۆرینۆکۆ. ئەم هەمەچەشنییە وایکردووە ڤەنزوێلا ببێتە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە ڕووی سامانە سروشتییەکانەوە.
ڤەنزوێلا چەندە نەوت و زێڕی هەیە؟
ڤەنزوێلا گەورەترین یەدەگی نەوتی لە جیهاندا هەیە کە دەکاتە نزیکەی 303.8 ملیار بەرمیل و زۆربەشی لە پشتێنە قورسەکانی ئۆرینۆکۆ و حەوزی ماراکایبۆیە. ئەمەش کەمێک زیاترە لە یەدەگی نەوتی سعوودیە (297.7 ملیار بەرمیل). بە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای BP بۆ ساڵی 2023. بەشێکی زۆری ئەو یەدەگە نەوتی قورسە، کە دەرهێنانی تێچووی زۆری دەوێت، هەروەها بەرهەمهێنانی ئێستا سنوردارە بە نزیکەی 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە هۆی سزاکان و کێشەی ژێرخانی ئابورییەوە. جگە لە نەوت، ڤەنزوێلا یەدەگی غازی سرووشتی سەلمێندراوی هەیە کە نزیکەی 5.5 تریلیۆن مەتری سێجایە، کە دەکاتە لە سەدا 3ی کۆی گشتی غازی جیهان.
لە بواری زێڕدا، بە پێی ڕاپۆرتەکانی دەزگای زەویناسیی ئەمریکا (USGS)، یەدەگی زێڕی ڤەنزوێلا کە دەتوانرێت وەربگیرێتەوە بە نزیکەی 10 هەزار تەن مەزەندە دەکرێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە (ویلایەتی بۆلیڤار و ناوچەی ئۆرینۆکۆ ئارک)؛ ئەم بڕەش ڤەنزوێلا لە پلەی چوارەمی جیهاندا دادەنێت لە ڕووی یەدەگی زێڕەوە، دوای ڕووسیا (نزیکەی 12 هەزار و 800 تەن)، ئۆسترالیا (نزیکەی 12 هەزار تەن) و ئەمریکا (نزیکەی 3 هەزار تەن). بەڵام لە ئەمریکای باشور، ڤەنزوێلا پلەی یەکەمی پاراستووە، دوای ئەویش پیرۆ (نزیکەی 2500 تەن)، بەرازیل (نزیکەی 2300 تەن) و کۆڵۆمبیا (نزیکەی هەزار تەن). سەرەڕای ئەم قەبارەیە لە یەدەگی زێڕ، ڤەنزوێلا بە هۆی سزاکانەوە ناتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام ئەم کانانە دەربهێنێت و کەڵک لەو سامانە وەربگرێت.
ڤەنزوێلا جگە لە نەوت و زێڕ، دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی کانزایی دیکە. یەدەگی بۆکسیت (ئەلمنیۆمی خاو) نزیکەی 5.2 ملیۆن تەن و کانزای ئاسن 14.6 ملیۆن تەن و هەروەها ئەڵماسیشی هەیە. سەرچاوە گرنگەکانی دیکە بریتین لە خەڵوز، خوێ، گۆگرد، فێڵدسپار و .... .
بە گشتی لە ڕیزبەندی گشتی بەهای سەرچاوە سرووشتییەکان (لەوانەش نەوت، غاز، کانزاکان و هتد)، ڤەنزوێلا زۆرجار لە ڕیزبەندی 10 وڵاتی سەرەکیدایە، کە بەهای مەزەندەکراوەکەی زیاتر لە 14 تریلیۆن دۆلارە.