عێراق لە چاوەڕوانی هاتنی مارک ساڤایا؛ چی ڕوو دەدات؟

عێراق لە چاوەڕوانی هاتنی مارک ساڤایا؛ چی ڕوو دەدات؟

عێراق لە چاوەڕوانی هاتنی مارک ساڤایا؛ چی ڕوو دەدات؟
 
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
بڕیارە مارک ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق سەردانی بەغدا بکات. ئەمریکا سیاسەتی خۆیی لە عێراق ڕوونتر کردووەتەوە و هەندێک داواکاریی لەم وڵاتەدا هەیە کە دەیەوێت بە کردەوە جێبەجێ بکرێت، لەوانەش سنوردارکردنی ڕۆڵی ئێران، هەڵوەشانەوەی گرووپە چەکدارەکان و شێوازی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
ساڤایا سەردانی عێراق دەکات تا مەرجەکانی واشنتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان بگەێنێت. ئەم سەردانە بێگومان دەبێتە قۆناغێکی نوێی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەر خاکی عێراق.
مەرجە سەرەکییەکەی ئەمریکا ڕوونە و ڕایگەیاندووە کە گرووپە چەکدارەکان دەبێت هەڵبوەشێنەوە و ئێرانیش لەدەستدانی ئەم کارتەی پێ قبووڵنەکراوە، هەربۆیە عێراق جارێکی دیکە دەبێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکانی ئەم دوو وڵاتە، هەرچەندە بە هۆی ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردووەوە ئێران ئەو هێز و کاریگەرییەی جارانی نەماوە.
مارک ساڤایا بە تایبەت بۆ پلانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە بێ کاریگەریی ئێران ڕاسپێردراوە و بە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق ڕادەگەێنێت کە ئەمە تاکە مەرجی ئەمریکایە بۆ سەقامگیری و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عێراق.
پەیامەکەشی ڕوون دەبێت و بە سەرکردە عێراقییەکان دەڵێت بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێی دراوە، ڕێگری لە هاوکاری ئەمریکا و هەر حکومەتێک دەکات کە لە ژێر کاریگەری ئێران و لە لایەن کەسانی سەر بەم وڵاتەوە پێک بهێندرێت و بەڕێوەببرێت.
ئەم هاوکێشەیەش هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراقی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە. پێکهێنانی حکومەتێک کە هاوسەنگییەکانی ناوچەکە ڕەچاو بکات و پەیوەندییەکی هاوسەنگی لە گەڵ واشنتن هەبێت یان لە ئەگەری گرنگینەدان بە خواست و داواکارییەکانی ئەمریکا، لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ببێتە وڵاتێکی پەراوێزکەوتوو؟
سەردانەکەی ساڤایا و ئەو پلانەی ئەمریکا جەختی لە سەر دەکاتەوە، کاریگەری هێز و لایەنە سیاسییەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا دەردەخات. هەرچەندە پچڕانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران بە تەواوی ڕوو نادات، بەڵام ئایا مەرج و داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ دەربازبوون لە ڕەشەبای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە قبووڵ دەکەن یان عێراق لە ئاکامدا دۆخێکی دیکە بەخۆوە دەبینێت؟