ئەمریکا و ڤەنزوێلا؛ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکی مێژوویی

ئەمریکا و ڤەنزوێلا؛ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکی مێژوویی

ئەمریکا و ڤەنزوێلا؛ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکی مێژوویی
 
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
لە تشرینی دووەمی 2025دا، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڤەنزوێلا گەیشتووەتە ئاستێک کە چیتر ناتوانرێت بە سادەیی پێی بڵێین " گرژی "؛ ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تەواودان. لە گەڵ گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە سزا پەکخراوەکان تێپەڕیوە و هێڵە سوورە دیپلۆماسییەکانی بەزاندووە، بە دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەلەمەکانی ماسیگرتن و قاچاخچییەکان لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، زیاتر لە 10 هەزار هێزی دەریایی و ئاسمانی بۆ دەریای کاریبی جێگیرکردووە، هەموو گەشتە بازرگانییەکانی بە سەر وڵاتەکەدا قەدەغەکردووە، ئەمەش وێڕای دیاریکردنی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری ڤەنزوێلا و بە فەرمی دەستنیشانکردنی ئەو و تۆڕی " کارتێل دی لۆس سۆلێس " وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی. ئەم کردەوانە کە تا ئێستا زیاتر لە دەیان هاوڵاتی مەدەنیی کوشتووە، ڤەنزوێلایان گەیاندووەتە لێواری دەستێوەردانێکی سەربازیی تەواو.
بەڵام ئەم ڕووبەڕووبوونەوە ڕەگ و ڕیشەی زیاتر لە سەدەیەکی لە مێژوودا هەیە، مێژوویەک کە لە هاوکاری قووڵی نەوتەوە گۆڕاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاشکاوانەی ئایدیۆلۆژی و جیۆپۆلەتیکی. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا ئەمریکا بۆ یەکەمجار دەستێوەردانی کرد لە ناکۆکی سنوریی نێوان ڤەنزوێلا و بەریتانیا لە سەر ناوچەی ئێسکابۆ و بە پشت بەستن بە دکتۆرینی مۆنرۆ، هەڕەشەی لە لەندەن کرد. ئەم دەستێوەردانە هەرچەندە دیپلۆماسی بوو، بەڵام نەخشێکی دانا کە دواتر چەندین جار دووبارە بووەوە: ئەمریکای لاتین حەوشەی پشتەوەی واشنتنە و سەرچاوەکانی دەبێت خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکەن.
لە سەدەی بیستەمدا ڤەنزوێلا بووە گرنگترین دابینکەری نەوت بۆ ئەمریکا لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا. کۆمپانیا ئەمریکییەکان کۆنترۆڵی تەواوی کێڵگە نەوتییەکانیان کرد، کاراکاسیش یەکێک بوو لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی ناوچەکە. ئەم پەیوەندییە تا کۆتایی سەدە بە بێ گرژییەکی جددی بەردەوام بوو، بەڵام بە سەرکەوتنی هوگۆ چاوێز لە ساڵی 1999 هەموو شتێک گۆڕا، چاوێز لە ژێر دروشمی " سۆسیالیزمی سەدەی بیست و یەک " پیشەسازی نەوتی بە نیشتمانی کرد و کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆنی لە پرۆژە گەورەکان کردە دەرەوە و داهاتی نەوتی بۆ بەرنامەی کۆمەڵایەتی بەرفراوان تەرخان کرد. ئەم هەنگاوە ڕاستەوخۆ بەرژەوەندی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی کردە ئامانج و واشنتن چاوێزی وەک هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا دەبینی.
کودەتا شکستخواردووەکەی نیسانی 2002 کە دواتر بەڵگەنامەکان دەریانخست بە ئاگاداریی ئەمریکا بووە و تەنانەت بە بێدەنگی پشتیوانی لێکردووە، خاڵێکی وەرچەرخان بوو. لە بەرامبەردا چاوێز هاوپەیمانی ستراتیژیی لە گەڵ ڕووسیا، چین و ئێران بەهێزتر کرد و ڤەنزوێلای کردە ناوەندی سەرەکی ڕووبەڕووبوونەوەی دژە ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین. دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2014، لە گەڵ سزا سەرەتاییەکانی سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆباما و دواتر زۆرترین گوشار لە سەردەمی ترەمپ لە خولی یەکەمیدا، ئابوری ڤەنزوێلای بەرەو هەڵوەشانەوە برد: بەرهەمهێنانی نەوت لە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ کەمتر لە چوار سەد هەزار بەرمیل دابەزی، هەڵئاوسان لە سەدا ملیۆنێک تێپەڕی و زیاتر لە 7.9 ملیۆن کەس، نزیکەی لە سەدا 28 ی دانیشتووان، ناچاربوون کۆچ بکەن؛ ئەوەش گەورەترین شەپۆلی کۆچکردن لە مێژووی کیشوەری ئەمریکادا بوو.
بە کۆچی دوایی چاوێز و بەدەسەڵات گەیشتنی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ساڵی 2013، گرژییەکان زیاتر کەسایەتی و پێکهاتەیی بوون. هەڵبژاردنە ئاڵۆزەکەی ساڵی 2018، دانپێدانانی خوان گوایدۆ وەک سەرۆکی کاتی لە لایەن ئەمریکا و زیاتر لە پەنجا وڵاتی دیکەوە لە ساڵی 2019 و گەمارۆی تەواوەتی لە سەر کۆمپانیای نەوتی حکومیی ڤەنزوێلا (PDVSA) ئابوری وڵاتەکەی بە تەواوی ئیفلیج کرد. بەڵام مادۆرۆ بە پاڵپشتی سەربازیی ڕوسیا و هاوکاری دارایی چین و هاوکاری سەربازی - هەواڵگری ئێران لە ژیاندا مایەوە و ڤەنزوێلا بووە بنکەی سەرەکی بەرەی دژە ڕۆژئاوا.
لە ساڵی 2025دا گەڕانەوەی ترەمپ ڕووبەڕووبوونەوەکەی بردە قۆناغی سەربازییەوە. هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە کە زۆرجار ماسیگر و خەڵکی مەدەنییان کوشتووە، لە گەڵ جێگیرکردنی کەشتییە سەربازییەکان و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف 18 و بی 52 بۆ ناوچەکە، پەیامێکی ڕوون دەنێرن: واشنتن چیتر ئامادە نییە مانەوەی حکومەتەکەی مادۆرۆ قبووڵ بکات. مادۆرۆ وەڵامی داوەتەوە و داوای مووشەک و ڕاداری لە مۆسکۆ و هەڕەشەی هاوکارییەکی بەرفراوانی سەربازیی لە گەڵ ئێراندا کردووە.
کاریگەرییە جیهانییەکانی ئەم قەیرانە، قووڵ و فرەلایەنەیە. لە ڕوانگەی وزەوە، دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی لە سەدا 15 ی نرخی نەوتی خاوی برێنت لە ساڵێکەوە تا ئێستا، ئەمەش قورسایی لە سەر ئابوری هاوردەکارانی نەوت لە ئاسیا و ئەورووپا درووستکردووە. لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، ئەو ڕاوەستانە نیوەگۆی ڕۆژئاوای ناسەقامگیر کردووە و وڵاتە چەپەکانی ناوچەکەی خستووەتە دۆخێکی سەختەوە. شەپۆلی بەرفراوانی کۆچبەرانی ڤەنزوێلا بەردەوامە لە ئاڵۆزکردنی ڕەوشی کۆڵۆمبیا، پیرۆ، بەرازیل و تەنانەت ئەمریکا، ئەمەش ڕۆڵی لە سەرهەڵدانی پۆپۆلیزمی ڕاستڕەو لە وڵاتانی میوانداردا هەبووە. لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەم قەیرانە کۆتایی تاقیکردنەوەی سیاسەتی " زۆرترین فشار "ە.
ئەزموونی سزا و گەمارۆکانی ڕابردوو لە کوباوە تا ئێران و کۆریای باکور دەریانخستووە کە ئەم ستراتیژە بە زۆری دەبێتە هۆی بەردەوامی حکومڕانی و بەهێزبوونی بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا، نەک گۆڕینی ئەو حکومەتانە. هەر دەستێوەردانێکی سەربازی ڕاستەوخۆ دەتوانێت ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی عێراقی ساڵی 2003: داڕمانی خێرای حکومەت، بەڵام داڕمانی تەواوەتی دامەزراوەکان، یاخیبوونی نەتەوەیی، کۆنترۆڵکردنی دارستانی ئەمازۆن لە لایەن گروپە چەکدارەکان و سەرهەڵدانی گەڕێکی نوێی هەڕەشە ناحکومییەکان.
لە کۆتاییدا قەیرانی ڤەنزوێلا چیتر تەنیا پرسێکی ناوچەیی نییە؛ تاقیکردنەوەیەکی نەزمی جیهانیی دوای شەڕی ساردە. ئەگەر ئەمریکا بە بێ تێچووی گەورەی مرۆیی و سیاسی نەتوانێت حکومەتی ڤەنزوێلا بگۆڕێت، ناوبانگی هەژموونخوازانەی لە ڕۆژئاوا لەدەست دەدات و ئەمەش هەناسەیەکی نوێ بە ڕکابەرەکانی وەک چین و ڕووسیا دەدات و ئەوە دەسەلمێنێت کە چارەسەری هەمیشەیی لە بۆمب و کەشتی سەربازیدا نییە، بەڵکوو لە دیپلۆماسی فرەلایەنەدایە کە لە لایەن وڵاتانی وەک برازایلەوە لەو ناوچەیە هەوڵی بۆ دەدرێت. ئەگەرنا ڤەنزوێلا گۆڕستانی ئایدۆلۆژیایەک، بەڵکوو دەبێتە پریشکی قەیرانێکی نوێی جیهانی.