کەشتی فڕۆکەهەڵگری فوجیان؛ چین توانا سەربازییەکانی لە ئەمریکا نزیک دەکاتەوە
کەشتی فڕۆکەهەڵگری فوجیان؛ چین توانا سەربازییەکانی لە ئەمریکا نزیک دەکاتەوە
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
فوجیان وەک پێشکەوتووترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری چین ڕادەستی هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە کرا، بەمەش ژمارەی ژمارەی کەشتییە زەبەلەحە فڕۆکەهەڵگرەکانی چین گەیشتە سێ کەشتی.
میدیا حکومییەکانی چین ڕایانگەیاندووە کە پێشکەوتووترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەم وڵاتە کە بە فوجیان ناو نراوە، بە فەرمی ڕادەستی هێزە چەکدارەکان کراوە. پەردەهەڵگرتن لەم کەشتییە سەربازییە، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پەکین، بەو پێیەی ئێستا چین گەورەترین هێزی دەریایی جیهانی هەیە لە ڕووی ژمارەی کەشتییەکانەوە.
دەوترێت فوجیان وەک پێشکەوتووترین کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا (وەک جیراڵد فۆرد)، بە کاتاپۆڵتێکی کارۆموگناتیسی تەیار کراوە کە ڕێگە بە فڕۆکەکان دەدات لە سەر کەشتییەکەوە بە خێرایی زیاتر هەڵبفڕن.
ناساندنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری فوجیان (Fujian)
کەشتی فڕۆکەهەڵگری فوجیان، پێشکەوتووترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری هێزی دەریایی سوپای چینە کە لە 5ی تشرینی دووەمی 2025ەوەبە فەرمی دەستی بە کارەکانی کردووە. کەشتییەکە بە کۆدی پۆلی جۆری 003 ناسراوە، یەکەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری تەواو ڕەسەنی چینە کە دیزاینێکی " فلات-تۆپ " و سیستەمی هەڵدانی کارۆموگناتیسی (EMALS)ی هەیە، هەروەها نوێنەرایەتی پێشکەوتنی بەرچاوی چین دەکات لە تەکنۆلۆژیای دەریایی.
فوجیان لە ساڵی 2015 دیزاین کراوە، لە مانگی حوزەیرانی 2022 لە کارگەی کەشتیوانی جیانگنان لە شەنگەهای خرایە ئاوەوە، لە ساڵی 2024ەوە تاقیکردنەوەی دەریایی بەرفراوانی ئەنجامداوە، کەشتییەکە بەشێکە لە ستراتیژی چین بۆ فراوانکردنی باڵادەستی دەریای دوور و پاش کەشتییەکانی لیاونینگ و شاندۆنگ، دەبێتە سێهەم کەشتی زەبەلەحی فڕۆکەهەڵگری ئەم وڵاتە.
چەندین تایبەتمەندی فوجیان:
• توانای هەڵگرتنی 80 هەزار تەنی هەیە.
• دوو بەرزکەرەوەی فڕۆکەی هەیە.
• شوێنی 50 تا 60 فڕۆکەی شەڕکەر، درۆن و کۆپتەری تێدا دەبێتەوە.
• نزیکەی 3000 کەس وەک خزمەتگوزار و کاربەدەست و پسپۆڕ لەم کەشتییەدا بوونیان دەبێت.
• موشەکی دژە کەشتی HQ-10، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و تۆپی CIWS لەم کەشتییەدا بوونیان هەیە.
• هەروەها بە ڕادارەکانی جۆری پێشکەوتووی 346A AESA و سیستەمی شەڕی ئەلیکترۆنی تەیار کراوە.
پرۆژەی سەربازیی فوجیان پیشان دەدات کە چین وردە وردە لە ئەمریکا نزیک دەبێتەوە، بەڵام لە ڕووی تەکنۆلۆژیا و ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانەوە هێشتا بۆشاییەک لە نێوانیاندا دەبینرێت.