بەهێزترین بژاردە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق

بەهێزترین بژاردە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق

بەهێزترین بژاردە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق
  
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە


لە پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، بەهێزترین بژاردە، نە حکومەتێکی زۆرینەیە وەک درێژەپێدەری مۆدێلی پاش 2003 و نە گەڕانەوەی تەواوە بۆ حکومەتەکانی " یەکگرتوویی نیشتمانی "، کە پێکهێنانی ئەو حکومەتانە بە کردەوە بە مانای دابەشکردنی دەسەڵاتە بە بێ لێپرسینەوە، بەڵکوو هاوکێشەیەکی " ڕێکەوتنی هەموارکراو " ئەگەری زیاترە کە تێیدا ناوەڕۆکێکی بەهێزتر لە ڕووی ژمارەییەوە لە ژێر سەرکردایەتی سودانیدا پێکدەهێنرێت کە ناچارە چەترەکەی فراوانتر بکات بۆ ئەوەی بەشێک لە پێکهاتەکان بگرێتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی، کورد و سوننە، بە مەبەستی گەرەنتی لانیکەم ئاستێک لە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی.
بەڵام ئەم هاوکێشەیە ئەگەر بە شارەزایی و ڕەچاوکردنی دۆخی ئێستای ناوچەکە و عێراقەوە داڕشتنی بۆ نەکرێت، ڕای گشتی قەناعەت پێناکات، مەگەر ڕێوشوێنی بەرجەستە لە بوارەکانی ئابوری و خزمەتگوزاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەنگاوی جددی بۆ قۆرخکردنی چەک لە دەستی حکومەت، هەروەها چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و غاز لە گەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە - نەک یاری تەکتیکی، لەخۆبگرێت.
پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە کە کێ لە پاش هەڵبژاردنەکانی 11ی ئەم مانگە عێراق حوکمڕانی دەکات، بەڵکوو پرسیار ئەوەیە کە لە ساڵانی داهاتوودا عێراق چۆن بەڕێوە دەچێت؟ 
وەڵامەکەشی لە سەر ئەم دوو تەوەرە گرنگە دەبێت: یەکەم ئەوەی کە ئایا سەرکردە سیاسییەکانی عێراق درێژەپێدەری هەمان مۆدێلی پێشووی پشتیوانی لە بەرەی خۆڕاگری و ئێران دەبن؟، دووەم ئەوەی کە ئایا بە پێی گۆڕانکارییەکانی دوو ساڵی ڕابردووی ناوچەکە و سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق، سەنتەری بڕیاردانی بەغدا لە سەر بەرژەوەندی خەڵک و گەڕانەوە بۆ ئامێزی عەرەبی دەبێت و تێیدا گرووپە چەکدارەکان هەژموونی خۆیان لەدەست دەدەن و چەک بە تەنیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتدا دەبێت؟