چەقبەستوویی سیاسی؛ پارتی وەک بارمتەیەک سەیری کوردستان دەکات

چەقبەستوویی سیاسی؛ پارتی وەک بارمتەیەک سەیری کوردستان دەکات

چەقبەستوویی سیاسی؛ پارتی وەک بارمتەیەک سەیری کوردستان دەکات!
 
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە بەرواری 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچووە و لەو کاتەوە تا ئێستا بە هۆی سیاسەت و پاوانخوازیی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە، پرۆسەی سیاسی پەکخراوە و داهاتوویەکی ڕوونیشی بۆ بەدی ناکرێت.
ئەگەرچی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە بەرواری 2ی کانوونی یەکەمی 2024 بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم هەڵنەبژێراون و کابینەی نوێی حکومەتیش پێکنەهێنراوە.
هۆکاری ئەم چەقبەستووییە سیاسییەش تەنیا بۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە. لە یەکەم ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە سەر هاوبەشی ڕاستەقینە لە حوکمڕانیدا کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە نابێت سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی لە دەستی یەک حیزب و بنەماڵەدا بن.
پارتی چۆن وەڵامی داوەتەوە؟ 
ئەوەی بارزانییەکان و بەرپرسانی باڵای پارتی دەیڵێن، ئەوەیە کە پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، ئەنجومەنی ئاسایش، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و ..... دەبێت لای ئەم حیزبە بێت. هەروەها پارتی بۆ بێ کاریگەرکردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، دەستەواژەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکار دێنێت. کەواتە ئەگەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش بە یەکێتی بدرێت، جێگر و سکرتێری پەرلەمان لە بڕیارەکاندا هاوبەش دەبن و بەوەش ڕێگری لە کار و ئەدای ڕاستەقینەی پەرلەمان دەکات.
ئەم دۆخە چی پیشان دەدات؟
ئەزموونی خولەکانی ڕابردوو و بە تایبەت ئەوەی کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا بینراوە، پیشان دەدات کە پارتی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی و بنەماڵەی بارزانیدا، کوردستان بە گشتی وەک بارمتەیەک دەبینێت. 
بەم دۆخەوە، بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان دەچێتە ژێر پرسیارەوە. ئەگەر مەبەست لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، گۆڕانکاری لە حوکمڕانی یان هاوبەشی هێز و لایەنە سیاسییەکان بێت، بۆ دەبێت پارتی سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی لە دەستدا بێت و تەنیا چەند پۆست و پلەیەک بە یەکێتی یان حیزبەکانی دیکە بدرێت. 
شیاوی ئاماژەیە کە ئەو پۆست و وەزارەتانەش (بۆ نموونە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم) بەر یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان کەوتووە، بە هۆی سیاسەتی مەسرور بارزانییەوە بێ کاریگەر بوون. مەسرور بارزانی بە دەستنیشانکردنی یاریدەدەرانی خۆی بۆ ئەو وەزارەتانە، بە کردەوە وەزیری سێبەری دەستنیشان کردووە و بوونی نوێنەرانی یەکێتی و گۆڕان لەو وەزارەتانەدا هیچ سوودێکی نەبووە.
ئێستا یەکێتی بۆ جێبەجێکردنی درووشمەکانی سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، دەیەوێت ئەم ڕێڕەوە هەڵەی حکومڕانییە لە هەرێمی کوردستان ڕاست بکاتەوە و هاوبەشیی ڕاستەقینەی کردووەتە مەرجی بەشداریکردن و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. درووشم و مەرجێک کە بێگومان خواست و داواکاری زۆرینەی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانە و پارتیش پێویستە ئەوە بزانێت کە کوردستان تەنیا موڵکی یەک بنەماڵە نییە و هاوشێوەی شێخ نشینەکانی کەنداو بەڕێوە نابرێت.