ڕووی ڕاستەقینەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی مەسرور بارزانی

ڕووی ڕاستەقینەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی مەسرور بارزانی

ڕووی ڕاستەقینەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی مەسرور بارزانی
  
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کردەوەیەکی تیرۆریستی و بە هەموو پێوەرێک ئیدانە دەکرێت و بە لێدانی ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
سەرەڕای ئەوەی کە ئەم هێرشە ترسنۆکانە بە توندی ئیدانە دەکرێت، بەڵام هەندێک ڕاستیی ئاشکرا کرد.
ماوەیەکە پارتی و بە تایبەت باڵەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆی بانگەشەی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە هێرشێکی میدیایی توندیان دەستپێکردووە و خۆیان وەک ڕزگارکەری خەڵکی کوردستان و لایەنەکانی دیکە بە لاواز و بێ کاریگەر پیشان دەدەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە کارەباکەی سەرۆکی حکومەت تەنیا پشت ئەستوور بە غازی بەرهەمهێنراوی کێڵگەی کۆرمۆر بووە. کە واتە یەکێتی گەورەترین ڕۆڵی لە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریدا هەبووە و هیچ کات ئەمەشی نەکردووەتە ئامرازی بانگەشە و فرۆشتنەوە بە خەڵک و بە پێچەوانەوە بەردەوام جەختی لە سەر خزمەتکردنی زیاتر بە خەڵک و ئاوەدانی و گەشەی کوردستان کردووەتەوە.
ڕاستییە ئاشکرابووەکە ئەوەیە کە پرۆژەی ڕووناکی یان هەمان کارەبا 24 کاتژمێرییە بانگەشەبۆکراوەکەی مەسرور بارزانی، بە بێ غازی کۆرۆمۆر بەرگەی یەک کاتژمێری نەگرت. 
خەڵکی کوردستان دیوە شاراوە و ڕاستییەکەی پرۆژەکەی مەسرور بارزانییان بۆ دەرکەوت. ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و ناردنی غازی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی کارەبا، وایکرد کە کارەبای هەرێمی کوردستان بە تەواوی تووشی کێشە ببێت.
میدیاکانی پارتی و مەسرور بارزانی بۆ دەربازبوون لەم شەرمەزارییە گەورەیە، هێرشێکی توندیان لە دژی یەکێتی دەستپێکردووە و بە ئاماژە بە لێدوانی هەندێک بەرپرسی یەکێتی (سەبارەت بە ڕاگرتنی ناردنی غازی کۆرمۆر، ئەگەر لە خزمەتی خەڵکی ناوچەکەدا نەبێت)، کێشەکەیان خستووەتە ئەستۆی ئەم حیزبە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەگەر یەکێتی ویستی ڕێگری لە ناردنی غازی بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی هەبێت، پێویستی بە هێرش و درۆن نییە و بە ئاسانترین و سادەترین شێواز ئەو کارە دەکات.
ئەگەرچی زۆنی سەوز و بە دیاریکراوی چەمچەماڵ بووەتە سەرچاوەی وزەی هەرێمی کوردستان، بەڵام مەسرور بارزانی بە درێژایی ساڵانی تەمەنی کابینەی نۆیەم بەردەوام بووە لە سزادان و پشتگوێخستنی.
ئەوەی بۆ خەڵک ئاشکراتر بوو، دیوی ڕاستەقینەی پرۆژەکانی پارتی و مەسرور بارزانی و ئەوەیە کە بانگەشە و خۆدەرخستن و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی لایەنەکانی دیکە بە تایبەت یەکێتی، ئامانجی سەرەکی ناوبراو لە کابینەی نۆیەمدا بووە.