ئەنجامی سەردانەکەی بن سەلمان بۆ ئەمریکا
ئەنجامی سەردانەکەی بن سەلمان بۆ ئەمریکا؛
واشنتن لە دەروازەی ڕیازەوە دەگەڕێتەوە
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
سەردانەکەی ئەم دواییەی محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ ئەمریکا سەرەتای هاوکێشەیەکی نوێیە و پیشاندەری ئەوەیە کە چیتر سعوودیە دەستەبەرە ئەمنییەکانی ناوێت و بووەتە هاوبەشێکی سەرەکی ئەمریکا بۆ داڕشتنی هاوکێشەیەکی نوێ و بەرفراوانی ئەمنی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ واشنتن دەکرێت بە هەنگاوێکی گرنگ لە سەر ڕێگایەک دابنرێت کە ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە داهاتووی ناوچەکەدا پێناسە دەکاتەوە و سنوری ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاری دەکاتەوە کە چیتر لە سەردەمی پێش شەڕی غەززە و لاوازبوونی "بەرەی خۆڕاگری" ناچێت.
سەردانەکەی محەممەد بن سەلمان بۆ واشنتن لە کاتێکدایە کە ناوچەکە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژوو بەخۆیەوە دەبینێت. شەڕی غەززە هاوسەنگی هێزی لە ناوچەکەدا تێکداوە، پێگەی ئێران دوای لێدانە یەک لە دوای یەکەکان کە پێکهاتە سەربازی و سیاسییەکەی کردووەتە ئامانج، سوریا بە سەرهەڵدانی ئەحمەد شەرعەوە چووەتە قۆناغێکی نوێوە و لوبنان شایەتی داڕمانی ئەو هاوکێشانەیە کە دەیان ساڵە بەڕێوەی دەبەن.
لە لایەکی دیکەوە، دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، ئەمریکا جارێکی دیکە ئامادەیی ڕاستەوخۆی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دۆزییەوە، ئەمەش تەواو جیاوازە لە سیاسەتی ساڵانی ڕابردووی ئەو وڵاتە.
بەسەرچوونی هاوکێشەی نەوت بەرامبەر ئاسایش
لە ژینگەیەکی وادا، سەردانەکەی بن سەلمان بۆ واشنتن پەیوەندیی سعوودیە و ئەمریکای لە چوارچێوەی کۆنی " نەوت بەرامبەر ئاسایش " کردووەتە دەرەوە و بەرەو لێکتێگەیشتنێکی قووڵ لە سێ بواری ئاسایش و ئابوری و سەقامگیری ناوچەکەدا بردوویەتی، کە خەریکە نەخشەی کاریگەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشێتەوە.
سعوودیە ئەمڕۆ بە متمانەی زیاترەوە دەجووڵێت و وەک یاریزانێکی سەرەکی لە بونیاتنانەوەی هاوسەنگییە نوێیەکانی ناوچەکەدا سەیر دەکرێت، کە لە سەر بنەمای دیمەنێکی سیاسی و ئابوری نوێ دامەزراوە و ئامانجی پاراستنی گەشەسەندنی ناوخۆیی و درووستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیرە بۆ وەبەرهێنانە ناوچەییەکان.
لە بەرامبەردا واشنتن پێویستی بە هاوبەشێکیش هەیە کە بتوانێت پێشهاتەکان لە غەززەوە تا دیمەشق و بەیروت و بەغدا و تاران بەڕێوەببات.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجە پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و واشنتن لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە کە ئایا هەردوولا دەتوانن هاوکێشەیەکی نوێ بۆ ئاسایش و سەقامگیری بنیات بنێن؟ هاوکێشەیەک کە لە مۆدێلە کۆنەکانی هاوپەیمانی تێدەپەڕێت و هاوتەریبە لە گەڵ ڕاستییە ناوچەییەکان کە بەرەکانی پێشوو تێیدا لاواز دەبن و ڕێکخستنە ئەمنییەکانی نوێ دەخەنەڕوو.
لێکنزیکبوونەوەی سیاسی لە سایەی پێویستی یەکتردا
سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ ئەمریکا، ڕادەی لێکتێگەیشتنی سیاسی نێوان هەردوولا و لەوەش زیاتر، ڕادەی پێویستی یەکتری پیشان دا. بڕیاری ئەمریکا بۆ پێدانی نازناوی " هاوپەیمانی گەورەی دەرەوەی ناتۆ " بە سعوودیە پیشاندەری بڕیارێکی ستراتیژییە بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی پێگەی ڕیاز لە پێکهاتەی ئەمنی ئەمریکادا.
بەدەر لەوەش، ڕێکەوتنی واشنتن بۆ هاوکاریکردن لە بواری وزەی ئەتۆمی مەدەنیدا، وەرچەرخانێکی بەرچاوە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. لە هەمووی گرنگتر ڕێکەوتنی فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 35 بە سعوودیە تەنها پێشکەوتنێکی سەربازی نییە، بەڵکوو هێمایەکە بۆ ئەوەی واشنتن بڕیاری داوە پاڵپشتی فراوانکردنی دەسەڵاتی سعوودیە لە ناوچەکەدا بکات بۆ ئەوەی هاوکاربێت لە جێگیرکردنی سەقامگیری و کۆنتڕۆڵکردنی کاریگەری هێزە ڕکابەرەکان، کە دەسەڵاتیان کەم بووەتەوە.
لە بواری ئابوریشدا پێشبینی دەکرێت سعوودیە نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکات. ئەم هاوکارییە فراوانە زیرەکی دەستکرد و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و وزەی پاک لەخۆدەگرێت. ئەم گۆڕانکارییە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکان دەکات بۆ ئاستێکی بەرزتر و پێشکەوتووتر لە مۆدێلی کۆن.
هەرچەندە هیچ وردەکارییەکی کۆتایی لە سەر فایلەکانی غەززە و سوریا و سودان ڕانەگەێندرا، بەڵام لێدوانەکانی هەردوولا ئەوە پیشان دەدات کە هەڵوێستەکانیان لە یەکتردا کۆکراونەتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە قۆناغێکی ڕاگوزەر لە غەززە، هاوکاری قووڵتر لە گەڕانەوەی سوریا بۆ باوەشی وڵاتانی عەرەبی و هەوڵدان بۆ وەستاندنی دەستبەجێ و بە تەواوی شەڕ لە سودان.
ڕۆڵی سعوودیە تەنیا پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە نییە کە بە هۆی دابەزینی پێگە و دەستڕۆیشتوویی ئێرانەوە درووست بووە، بەڵکوو لەوەش زیاتر پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ستراتیژییە کە بە هۆی نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسی ڕوون لەناو خودی ئیسرائیلدا درووست بووە؛ بە تایبەت پاش شەڕی غەززە، کە لاوازی تەلئەبیبی لە دیاریکردنی ڕەوتی " ڕۆژی دوای شەڕ " ئاشکرا کردووە.
لە ژینگە نوێیەکەدا ڕیاز وەک زلهێزێکی ناوچەیی سەرهەڵدەدات کە تێڕوانینی سیاسی بۆ چەندین پرسی وەک داهاتووی فەڵەستین دابین دەکات کە ئیسرائیل توانای داڕشتنەوەی نەبووە. هەربۆیە دەکرێت ئەم سەردانە وەک هاوتەریب لە گەڵ زنجیرە گۆڕانکارییەکانی دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 و دوو شەڕی غەززە و لوبنان سەیر بکرێت.
داڕشتنەوەی ڕۆڵی سعوودیە لە داهاتووی ناوچەکەدا
لە کۆتاییدا ئەو گەشتە هاوکێشەیەکی نوێی چەسپاند: سعوودیە چیتر تەنها وەرگری دەستەبەرە ئەمنییەکان نییە، بەڵکوو هاوبەشە لە داڕشتنی ڕێبازێکی ئەمنی فراوانتر بۆ ناوچەکە. ئەمریکا چیتر ئەو یاریزانە بێ ڕکابەرە نییە لە یاریگادا، بەڵکوو هێزێکە کە هەوڵی درووستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ دەدات لە ڕێگەی هاوبەشی هەڵبژێردراوەوە، کە ڕیاز لە ناوەڕاستدایە.
بە واتایەکی دیکە، ئێستا پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات بە حیساباتێک داڕێژراوەتەوە و داهاتووی ناوچەکە بە پێی خواستێکی هاوبەش دیاری دەکات. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت سەردانەکەی شازادەی جێنشینی سعوودیە وەک هەنگاوێکی گرنگ لە ئاراستەیەکی فراوانتردا سەیر بکرێت کە تێیدا ڕۆڵی ڕیاز لە داهاتووی ناوچەکەدا پێناسە دەکرێتەوە و سنورەکانی ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاری دەکات کە چیتر لە سەردەمی پێش شەڕی غەززە و لاوازبوونی بەرەی خۆڕاگری ناچێت.
ئەوەی داهاتوو دیاری دەکات ئەوەیە کە ئایا ئەم هاوبەشییە نوێیە دەبێتە ئامرازێک بۆ دامەزراندنی سەقامگیرییەکی بەردەوام یان تەنیا وەک چوارچێوەیەک دەمێنێتەوە کە دەتوانرێت لێکتێگەیشتنەکانی هەنگاو بە هەنگاو لەسەری بنیات بنرێت لە گەڵ ڕوونبوونەوەی هێڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ.
پرسیاری کۆتایی ئەوەیە ئایا ئیسرائیل لە گەڵ ڕاستییە نوێیەکان ڕێکدەکەوێت و واز لە بەربەستەکان دێنێت؟ وەڵامەکە لە واشنتندایە کە وەبەرهێنانێکی زۆری لە سەقامگیری ناوچەکەدا کردووە و ئێستا بۆ یەکەمجار دەرفەتێکی ڕاستەقینەی بۆ ئاشتی هەیە کە زیانێکی گەورە دەبێت ئەگەر لە دەست بدرێت.