ئایا ئێران وەک سوریا ماڵئاوایی لە ڤەنزوێلا دەکات؟

ئایا ئێران وەک سوریا ماڵئاوایی لە ڤەنزوێلا دەکات؟

ئایا ئێران وەک سوریا ماڵئاوایی لە ڤەنزوێلا دەکات؟
  
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
ئەگەر نیکۆلاس مادۆرۆ لاببرێت، ئێران زۆرێک لە سەروەت و سامان و تۆڕەکانی لە ڤەنزوێلا لە دەست دەدات. ڤەنزوێلا هاوشێوەی سوریای سەردەمی بەشار ئەسەد بووەتە یارمەتیدەری ئێران بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا.
لە نمایشێکی بێ وێنەی هێزی سەربازیدا، کەشتی فڕۆکەهەڵگری جیراڵد ئاڕ فۆرد و سێ کەشتی شەڕکەری دیکە بۆ دەریای کاریبی جێگیرکراون و پەیوەندییان بە زیاتر لە دەیان کەشتی هێزی دەریایی ئەمریکاوە کردووە کە لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا جێگیرکراون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی حکومەتی نیکۆلاس مادۆرۆیان کردووەتە ئامانج و ڕایانگەیاندووە کە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا. ئەگەر ئەمریکا لە ناسەقامگیری و لابردنی حکومەتەکەی مادۆرۆ سەرکەوتوو بێت، گورزێکی جددی لە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانی ناوچەکە دەدات. بەڵام ئەوەی کەم کەس لەبەرچاوی گرتووە ئەوەیە کە کارێکی لەو شێوەیە زیان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەگەێنێت.
ڤەنزوێلا لە مێژە وەک گۆڕەپانێک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی پێگەیەک لە ئەمریکای باشور کاری کردووە. 
ئەمریکییەکان چەندین ڕاپۆرتیان لە سەر چالاکییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئێران لە خاکی ڤەنزوێلا بڵاو کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە بوونی ئێران لە سەر خاکی ڤەنزوێلا، هەڕەشەیە لە سەر وڵاتەکەیان.
دەوترێت وەزارەتی بەرگری ئێران هێڵێکی پەیوەندی و ئۆپەراسیۆنەکانی لە ڤەنزوێلا دامەزراندووە. کۆمپانیای قودس بۆ فڕۆکەسازی کە لقێکی وەزارەتی بەرگرییە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وەک فڕۆکەی موهاجیر-٢ هەناردەی کاراکاس کردووە. هەروەها وەزارەتی بەرگری ئێران پرۆژەیەکی هاوبەشی نەوتی لە گەڵ ڤەنزوێلا بەڕێوەدەبات، ئەوەش بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا. لە ساڵی 2023 حکومەتی ئەمریکا سزای بە سەر بەرپرسی کاروباری سەربازیی ئەوکاتەی کۆماری ئیسلامی لە کاراکاس دا سەپاند بە هۆی ئاسانکاری بۆ ئەم پەیوەندییانە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی بنکەیەکی درووستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە بنکەی ئاسمانی ئێل لیبرتادۆر دامەزراندووە و لەوێش مەشق و ڕاهێنان بە هێزە سەربازییەکانی ڤەنزوێلا دەکات. لە کاتێکدا کە ئیدارەی ترەمپ لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشارەکانی لە سەر کاراکاس زیاتر کردووە، ڤەنزوێلا داوای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە مەودای هەزار کیلۆمەتر و چەندین چەکی دیکەی لە کۆماری ئیسلامی کردووە، ئەوەش بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست.
پێشتریش باس لەوە کراوە کە مادۆرۆ هەوڵی بەدەستهێنانی مووشەکیشی لە ئێران داوە. ئەم پرسەش لە هاوینی 2021دا بووە قەیرانێک بۆ ئیدارەی بایدن سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا، کاتێک کەشتییە سەربازییەکانی ئێران بەرەو ناوچەکە ڕۆیشتن.
ئەگەر مادۆرۆ لاببرێت، کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرێک لە سەروەت و سامان و تۆڕەکانی لە ڤەنزوێلا لەدەست دەدات. ڤەنزوێلا زۆر هاوشێوەی سوریا لە سەردەمی بەشار ئەسەد، یارمەتی کۆماری ئیسلامی دەدات بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا. لە کاتێکدا کە تاران و بریکارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش شەڕی غەززە لاواز بوون، کەوتنی مادۆرۆ زیانێکی قورسی دیکە بۆ تاران دەبێت.