لاجان و ئازادییە بانگەشەبۆکراوەکەی مەسرور بارزانی
لاجان و ئازادییە بانگەشەبۆکراوەکەی مەسرور بارزانی
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
لە میانەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، مەسرور بارزانی جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی، لە دژی یەکێتی ڕایگەیاند کە " ئازادی ئەوە نییە بە تۆپ و تانک هێرش بکرێتە سەر هوتێلێک و ئۆپۆزسیۆن "، وەک ئاماژەیەک بە ڕووداوەکەی لالەزاری سلێمانی.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕووداوەکانی گوندی لاجان و ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی پارتی لە دژی خەڵکی ئەو گوندە کردوویانە، ڕاستی و دیوی ناوەوەی پارتی و ویست و خواستی سەرکردەکانی بۆ خەڵک ڕوونتر کردووەتەوە. هەر ئەمەش وایکردووە کە خەڵک زۆرترین ڕەخنە ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی ئەم حیزبە بکەن.
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان ڕووداوەکانی لالەزار و لاجاندا بکرێت، باشتر لەوە تێدەگەین کە لە سنورەکانی دەسەڵاتی کام حیزبدا ئازادی و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵک هەیە.
هەمووان دەزانن کە ئەوەی لە لالەزاردا هەبوو، جموجوڵێکی ئاسایی هێزێکی ئۆپۆزسیۆن نەبووە، بەڵکوو پیلانگێڕییەکی ئاشکرا و پشتیوانیکراوی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ تێکدانی ئارامی سلێمانی و دژ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە. نەک هەر یەکێتی، بەڵکوو ئەگەر لە ئەمریکا و ئەورووپاش شتی وا ڕوو بدات، بێگومان ڕووبەڕووی دەبنەوە و ئەو پیلانە پووچەڵ دەکەنەوە.
بەڵام لە لاجان، دانیشتووانی گوندێک کە تۆز و دووکەڵی پاڵاوگەکەی کوڕی سەرۆکی پارتی، ئەوانی تووشی دەیان نەخۆشی و گرفت کردووە، داوای هەلی کار و قەرەبووکردنەوەیان کردووە. وەڵامەکەی پارتی و بە تایبەت کوڕی سەرۆکی ئەم حیزبەش، ناردنی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورس و کەرەستەی پێشکەوتووی سەربازییەوە بووە. وەک بڵێی هێزەکانی پارتی بۆ شەڕ و تێپەڕاندنی هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنی و سەربازی، جوڵەیان پێکرابێت. هەرچەندە وەها جوڵەیەک لە سەردەمی شەڕی داعش و بە تایبەت کۆمەڵکوژییەکەی شەنگال، لەوان نەبینرابوو.
ئێستا خەڵک دەزانن کە ئازادییە بانگەشەبۆکراوەکەی مەسرور بارزانی عەیاری چەندە و ئایا لە بنەڕەتدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی شتێک بە ناوی ئازادی بوونی هەیە یان نە؟ بەدەر لەمەش گێڕانەوەی میدیاکانی پارتی لە ڕووداوەکەی لاجان، دەرخەری هەموو ڕاستییەکانە.