کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق؟
کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق؟
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق بە پێی دۆخی ناوخۆیی، ناوچەیی و ئەو ئەنجامەی لێیکەوتووەتەوە، پێی ناوەتە هەستیارترین قۆناغ و ئەویش دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی نوێیە.
لە ئێستادا گرنگترین پرسیار ئەوەیە، کێ دەبێتە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق؟
هەرچەندە محەممەد شیاع سودانی بە یەکێک لە لایەنە سەرکەتووەکانی ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییە دادەنرێت و تا ڕادەیەک پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوایشی لەگەڵدایە، بەڵام لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ویستێکی دیکەیان هەیە.
ئەوەی لە کەشی سیاسی ئێستای عێراقدا بەدی دەکرێت، ئەوەیە کە لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نایانەوێت کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیران کە پشتیوانی پەرلەمانیی هەبێت و ترسی ئەوەیان هەیە ببێتە سەرکردەیەکی بەهێز و چیتر بۆ ئەوان کۆنتڕۆڵ نەکرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت وەک هەمیشە کۆنیڕۆڵی حکومەتی عێراقی بە دەستەوە بێت و سەرۆک وەزیران تەنیا جێبەجێکاری ئەو بڕیارانە بێت کە لە کۆبوونەوەکانی ئەواندا دەردەکرێت.
لایەنە شیعەکان بە هۆی گۆڕانکارییەکانی دوو ساڵی ڕابردووەوە نایانەوێت کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیران کە لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە پشتیوانی بکرێت.
کە سەیری ئەوانە دەکەین کە ناویان لە ئێستادا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت، بۆمان دەردەکەوێت کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، شانسێکی ئەوتۆی نییە و چوارچێوەی هەماهەنگی متمانەیان بەو نییە.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقیش تەنیا لە لایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە پشتیوانی دەکرێت و شانسی بۆ وەرگرتنەوەی ئەم پۆستە، لاوازە.
حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بە هۆی ڤیتۆی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، ناتوانێت ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.
نوری مالیکیش بە هۆی ئەمریکا و کاریگەری گۆڕانکارییەکانی دوو ساڵی ڕابردووی ناوچەکەوە شانسی گەیشتنەوەی بە پۆستی سەرۆک وەزیران نییە.
لەم کەشە سیاسییەدا ناوی دوو کەس ماوە کە ئەگەرێکی بەهێزە یەک لەوان ببێتە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق. قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق ئەو دوو کەسەن کە ئێران و ئەمریکا دژایەتییان ناکەن و لە لایەکی دیکەوە فراکسیۆنێکی پشتیوانیان لە پەرلەماندا نییە کە ببێتە هۆی نیگەرانیی چوارچێوەی هەماهەنگی.