دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە کوێ دەگات؟

دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە کوێ دەگات؟

دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بە کوێ دەگات؟
  
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە


ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نوێترین ڕاپۆرتی لە سەر ئێران بڵاوکردووەتەوە کە لە ماوەیەکی زۆر کەم پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی بڕیاردانی ئاژانسدا بووە. لە ڕاپۆرتەکەدا وەک هەمیشە ئێران بە هەنگاوی نایاسایی لە بواری وزەی ئەتۆمیدا تۆمەتبار کراوە، بە تایبەت ئەوەی کە لە پاش شەڕی 12 ڕۆژەی لە گەڵ ئیسرائیل، ڕێگەی گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانس و پشکنینی وێستگە و ناوەندە ئەتۆمییەکانی داخستووە.
گرنگی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەوەدایە کە ئەگەری دەرکردنی بڕیاری نوێی دژ بە ئێران لەئارادایە. لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای ئەوەی کە وێستگە و ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆردومان کراون، بەڵام دۆسیەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتەی وەک هەڕەشەیەکی زیندوو هێشتووەتەوە.
ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا تێبینی دەکرێت، ئەوەیە کە ئێران یورانیۆمی پیتێندراوی لە سەدا 60 ی هەیە و بەوەش دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت. هەروەها لە ڕوانگەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە، یورانیۆمە پیتێندراوەکەی وێستگەکانی نەتەنز و ئیسفەهان ڕەنگە لە بۆردومانەکانی شەڕی 12 ڕۆژەدا زیانی پێنەگەیشتبێت و ئێران توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی هەبێت.
چی ڕوودەدات؟
ئەگەر لە ئەنجومەنی بڕیاردانی ئاژانسی نێودەوڵەتیدا بە پێی ڕاپۆرتە ئاماژەپێکراوەکە، بڕیارێک لە دژی ئێران دەربکرێت، دەبێتە هۆی ناردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا، وەک ئەوەی کە ساڵی 2006 ڕوویدا و لە ئەنجامدا گەیشتە دەرکردنی چەندین بڕیاری دژ بە ئێران.
سەرەڕای ئەوەی کە هەر بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دژی ئێران ڕەنگە ڕووبەڕووی ڤیتۆی ڕووسیا و چین ببێتەوە، بەڵام ئەگەری ئەوەش لەئارادایە کە ئەمریکا بە خوێندنەوەی جیاواز لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و جیهان، پەنا بۆ کردەوەی سەربازی ببات.
ئەگەر دۆخەکەش نەگاتە کردەوەی سەربازیی ئەمریکا، بە ئەگەرێکی بەهێزەوە، ئەو وڵاتانەی پەیوەندی سیاسی و ئابورییان لە گەڵ ئێراندا هەیە، ڕووبەڕووی سزایەکی قورسی واشنتن دەبنەوە کە عێراقیش لە ڕیزی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا دەبێت.