ئایا لە لێواری شەڕی سێیەمی جیهانیداین؟

ئایا لە لێواری شەڕی سێیەمی جیهانیداین؟

ئایا لە لێواری شەڕی سێیەمی جیهانیداین؟

ئەمریکا و ڕووسیا تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانیان دەستپێکردووەتەوە و ئاماژەکان ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەتۆمییان زیاتر کردووە. 
لە کاتێکدا ئەمریکا و ڕووسیا کە دوو زلهێز و ڕکابەری کۆنن، تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانیان دەستپێکردووەتەوە، هەندێک لە سیاسەتمەدارانی جیهانی دۆخی ئێستا بە هاوشێوەی بارودۆخی پێش دەستپێکردنی شەڕی جیهانیی دووەم وەسف دەکەن.
لە کاتێکدا پوتین و ترەمپ پاش چەندین ساڵ لە ڕاگرتنیان، فەرمانی جیاجیایان بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانیان دەرکرد، وەزیری شەڕی ئەمریکا دۆخی ئێستای جیهانی بە هاوشێوەی ساڵانی پێش شەڕی جیهانی دووەم وەسفکردووە.
لاوڕۆڤ: ڕووسیا سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان
سێرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ بە پێی فەرمانی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە، تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان دەستپێدەکاتەوە. 
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بە گوێرەی فەرمانی ڤلادیمیر پوتین لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، ئەم فەرمانە قبووڵکراوە بۆ جێبەجێکردن و کاری لە سەر دەکرێت و پاش پێداچوونەوە، ئەنجامەکانی ئاشکرا دەکرێن.
فەرمانەکەی ترەمپ
فەرمانی پوتین بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان لە کاتێکدایە کە لەم ماوەیەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە فەرمانێکی هاوشێوە، داوای لە وەزارەتی شەڕی وڵاتەکەی کرد کە دەستبەجێ پرۆسەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی دەستپێبکاتەوە، دوای وەستانی 33 ساڵ؛ کارێک کە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پەیامێک بۆ وڵاتە ئەتۆمییە ڕکابەرەکانی وەک چین و ڕووسیا ناوی بردووە.
ترەمپ ڕایگەیاندووە کە " لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە بەرنامە ئەتۆمییەکان تاقیدەکەنەوە، من وەزارەتی شەڕم ئاراستە کردووە کە بە شێوەیەکی هاوتەریب دەست بە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمیمان بکات. ئەم پرۆسەیە بەم زووانە دەست پێدەکات ".
ترەمپ هەروەها ڕایگەیاندووە کە " ڕووسیا دووەم و چین سێیەمی دوور؛ بەڵام لە ماوەی 5 ساڵدا بە ئێمە دەگەن ".
پیت هێگسەس: جیهان وەک ساڵی ١٩٣٩ وایە
بەڵام نیگەرانییەکان لە ململانێیەکی ئەتۆمی لەم دواییانەدا زیادیان کردووە، لە بەر ئەوەی کە وەزیری شەڕی ئەمریکا لە وتارێکدا بارودۆخی ئێستای جیهانی وەک ساڵانی پێش شەڕی جیهانی دووەم ناو بردووە. 
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە " ئەمە ساتێکی ساڵی 1939یە، یان هیوادارم ساتێکی ساڵی 1981 بێت؛ ساتێکە لە زیادبوونی بەپەلە؛ ساتێک کە دوژمنەکان کۆدەبنەوە و هەڕەشەکان زیاتر دەبن و هەستی پێدەکەن ".