لە کۆبوونەوە 70 خولەکییەکەی سودانی و باراکدا چی گوزەرا؟
لە کۆبوونەوە 70 خولەکییەکەی سودانی و باراکدا چی گوزەرا؟
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، لە سەردانێکدا بۆ بەغدا لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق کۆبووە. کۆبوونەوەکەش 70 خولەک بووە و چەندین دۆسیەی وەک سوریا، لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی تێدا تاوتوێ کراوە.
تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، سەردانی بەغدای کرد و لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق کۆبووە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕووگە ڕایگەیاندووە کە نێردەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە گەڵ سودانی کە ماوەکەی 70 خولەک بووە، بەدەر لەوەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆسیەی لوبنان ئاگادار کردووەتەوە، داوای لەم وڵاتەش کردووە ڕۆڵی ئەرێنی لە ئاسایش و سەقامگیری سوریا بگێڕێت.
هەر بە پێی هەمان سەرچاوە، تۆم باراک پەیامێکی گەیاندووەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان وەک هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری عێراق و ناوەڕۆکەکەشی تایبەتە بە کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و ڕاگرتنی هەر هاوکارییەک بۆ پشتیوانی دارایی یان سەربازی لە حزبوڵڵای لوبنان و جەختکردەوە لەوەی کە عێراق دەبێت لە ململانیکانی ناوچەکە و هەر ئاڵۆزییەک دوور بکەوێتەوە.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە سوریا، دوایین گۆڕانکارییەکانی لوبنان و چارەنووسی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ئاگادار کردووەتەوە.