بۆ ئیسرائیل لەم کاتەدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی لە سنورەکانی ئێران نزیک کردەوە؟
بۆ ئیسرائیل لەم کاتەدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی لە سنورەکانی ئێران نزیک کردەوە؟
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی نزیکبوونەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە سنورەکانی ڕۆژئاوای ئێران و دواتر گەڕانەوەیان، لە گەڵ بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئێرانی لە جۆری میگ 29 بە ئاسمانی تارانەوە، دەنگدانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.
سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان ئەم ڕووداوەیان پشتڕاست یان ڕەتنەکردووەتەوە، بەڵام دەتوانرێت لە هەر دوو حاڵەتدا شیکاری بۆ بکرێت. تەلئەبیب چ فڕۆکە شەڕکەرەکانی ناردبێت یان نە، ئامانجێکی لەم شەڕە دەروونییە هەیە کە دەبێت تاوتوێ بکرێت.
ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی هەندێک هەواڵ و کردارەوە دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە گەڵ ئێران نەک تەنیا پێویستی بە ئامادەکاری پێشوەختە نییە، بەڵکوو بەندە بە ساتەوەختی دەرکردنی بڕیارەوە.
ئامانجی سەرەکی ئەوەیە کە ئیسرائیل سیاسەتی " پاراستنی سێبەری شەڕ بە سەر ئێراندا " بسەپێنێت. لە وەها حاڵەتێکدا ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ تەنیا پێویستی بە دەرکردنی بڕیار هەیە و ئەو چاوەڕوانییەی دەستپێکردنەوەی شەڕ بەردەوام لای دەسەڵاتداران و خەڵکی ئێران دەمێنێتەوە.
کاریگەرییەکانی ئەم حاڵەتەش لای خەڵک و بە تایبەت چالاکوانانی ئابوری و بازرگانی زیاتر دەبێت. ئێران لەم کاتەدا دەیەوێت توانا سەربازییەکانی ئیسرائیل نە بە گەورە بزانێت و لە هەمان کاتیشدا ئەو توانایە بە بچووک دانانێت. لە لایەکی دیکەوە دەیەوێت ئامانجی ئیسرائیل لەم شەڕە دەروونییەی ئێستا ڕوونتر بکاتەوە.
ئیسرائیل لە ساڵی 1981 بە فڕۆکەی F-16 هێرشی کردە سەر چەند دامەزراوەیەک لە بەغدا. ئەم شارە لە ڕووی ئاسمانییەوە 160 کیلۆمەتر لە گەڵ سنورەکانی ڕۆژئاوای ئێران مەودای هەیە.
هەروەها لە ساڵی 1985 بە فڕۆکەی F-15 بارەگای ناوەندیی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستینی لە وڵاتی تونس بۆردومان کرد. مەودای هێرشەکەش 2300 کیلۆمەتر بووە کە دوو هێندەی مەودای ئیسرائیلە لە گەڵ ئێران.
ئەو دوو ئۆپەراسیۆنە لە 44 و 40 ساڵی ڕابردوودا کراون و پیشان دەدەن کە ئیسرائیل توانای کردنە ئامانجی هەر وڵاتێکی لە ناوچەکەدا هەیە.
لە ساڵی 2000ەوە ئیسرائیل بۆ دژایەتیکردنی ئێران، پەرەی بە توانای هێزی ئاسمانیی خۆی داوە و پێشکەوتووترین فڕۆکەی شەڕکەر و مووشەک و بۆمبی لە ئەمریکا وەرگرتووە.
سەبارەت بە دۆخی پاش شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل و بە تایبەت ئەوەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ئاسمانی عێراقدا ڕووی داوە و قسە و باسی زۆری لە سەر کراوە، ئاماژە بە چەند خاڵێک دەدرێت:
سەرەتا ئەوەی کە ئەگەری شەڕی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵڵای لوبنان بەهێزترە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەیکردووە کە ئەگەر پرۆسەی چەکداماڵینی حزبوڵڵا تا کۆتایی ساڵ جێبەجێ نەکرێت، بژاردەی سەربازی لە لوبنان جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەی کە ئیسرائیل دژ بە ئێران دەیکات بە ئامانجی کاریگەریدانانە لە سەر نرخی دراو و زێڕ. لە وەها حاڵەتێکدا خەڵکی ئێران پەنا دەبەنە کڕینی دۆلار و زێڕ و بەمەش نرخی کاڵا و پێداویستییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاوتر بەرز دەبێتەوە و ئەنجامی ئەمەش ناڕەزایەتی جەماوەرییە لە ناوخۆی ئێران.
ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل بە هەڕەشە لە سەر هاوپەیمانەکانی ئێران (ڕووسیا و چین) دادەنرێت و پەیامی ئەوەی لە گەڵدایە کە پێدانی هەر جۆرە چەکێک بە ئێران سوودی نییە و تەنیا دەبێتە هۆی لەناوچوونیان لە هێرشەکاندا.