پارتی و یەکێتی و گەڕێکی نوێی ململانێکان

پارتی و یەکێتی و گەڕێکی نوێی ململانێکان

پارتی و یەکێتی و گەڕێکی نوێی ململانێکان؛
کۆشکی سەلام چۆن یەکلایی دەکرێتەوە؟
 
لە کاتێکدا بە پێی عورفی سیاسی عێراقی پاش 2003 و ڕووخانی دەسەڵاتی بەعسیی سەدام، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کورد و لە ناو کوردیشدا بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، ئەمجارە لە پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 11ی تشرینی دووەمی 2025، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بانگەشەی وەرگرتنی ئەو پۆستە دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە یەکێتی، لە بەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆکی هەرێم بە پارتی بووە. کە واتە ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی نەبێت، دەبێت پۆستی سەرۆکی هەرێم لە پارتی وەربگیرێتەوە.
ئێستا پارتی نەک تەنیا پۆستی سەرۆکی هەرێم ڕادەست ناکات، بەڵکوو بانگەشەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیشی دەستپێکردووە و ڕایگەیاندووە کە بنەمای دابەشکردنی پۆستەکان، ژمارەی دەنگ و کورسییە. یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە سەر بنەمای یەکڕیزی کورد، هاوبەشیی ڕاستەقینەی لە دەسەڵات دەوێت و پۆستی سەرۆک کۆماریش بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت.
لە ناوخۆی کوردستانیش پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 20ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەوەی کە ڕێگریی لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کردووە، سیاسەتی پاوانخوازیی پارتی دیمۆکراتی کوردستانە.
پارتی پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی لای خۆی وەک هێڵی سوور دیاریکردووە و ئەمەش بە لای یەکێتییەوە قبووڵکراو نییە. نەک هەر یەکێتی، بەڵکوو هەر حیزبێکی دیکە کە قەبارەی هێز و کاریگەریی وەک یەکێتی بێت، ئەم سیاسەتەی پارتی ڕەتدەکاتەوە. کەواتە هۆکاری سەرەکی چەقبەستوویی سیاسی و پەککەوتنی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، سیاسەتی پارتییە.
پارتی لە پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق، ململانێکانی بە ئاراستەی بەغدا توندتر کردووە و لەوێش شەڕی یەکێتی و ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد دەکات. بە واتایەکی دیکە، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی، یەکڕیزی کورد و مافەکانی خەڵکی دیسانەوە کردووەتە قوربانی.
یەکێتی لە ئاستی کوردستان و عێراق، پێداگری لە سەر هاوبەشیی ڕاستەقینە دەکات و پۆستی سەرۆک کۆماریش وەک خولەکانی ڕابردوو لای خۆی دەهێڵێتەوە. تەنیا خاڵی گرنگ ئەوەیە کە یەکێتی بەربژێرێک دەستنیشان بکات کە بتوانێت دابینکار و پارێزەری مافەکانی کورد لە بەغدا بێت.