سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانی پاش سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ واشنتن
سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانی پاش سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ واشنتن
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە میانەی وتووێژێکی تەلەفوونیدا بە فەرمی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بانگهێشت کردووە سەردانی واشنتن بکات. ئەم سەردانە بە هۆی چەندین دۆسیەی وەک غەزە، لوبنان، یەمەن، سوریا، عێراق و ئێران، گرنگییەکی زۆری هەیە.
ئەمە پێنجەم کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک کۆماری ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەبێت و دەتوانێت وەک قۆناغێکی نوێی سیاسەتەکانی هەر دوو لا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر بکرێت.
سەردانەکە لە کاتێکدا دەبێت کە ئیسرائیل لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر کەرتی غەززە، لوبنان، یەمەن، سوریا، قەتەر و ئێران و ڕەنگە لەم سەردانەدا دووەم قۆناغی ئەم شەڕە بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و هەروەها ئێران تاوتوێ بکرێت.
کۆشکی سپی سەبارەت بە سەردانەکەی نتانیاهۆ، ئاماژەی بە چەندین بابەتی وەک لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی حەماس و داهاتووی کەرتی غەززە داوە و هیچ ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ئێران و بەرەی نزیک لەم وڵاتە لە ناوچەکەدا نەبووە، بەڵام ترەمپ لە لێدوانەکانی ئەم دواییەیدا جەختی لە سەر پێویستی وتووێژی ڕاستەقینە و بەهێز لە نێوان ئیسرائیل و سوریا کردەوە و ئەمەش پیشان دەدات کە واشنتن لە ئێستادا هەوڵی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ناوچەییەکانی دەدات و لە پشتەوەی ئەم پەیوەندییانەشەوە لاوازکردنی ئێران وەک ئامانجێک دیاری کراوە.
ئێران لەم سەردانەدا دوو پرسیاری گرنگی لە پێشەوە دەبێت:
• یەکەم: ئایا سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ واشنتن، تەنیا هێمای پەیوەندی نزیکی ناوبراو لە گەڵ دۆناڵد ترەمپە یان لێکەوتەی سەربازی و ستراتیژیی دژ بە ئێران بە دواوە دەبێت.
• دووەم: ئایا واشنتن بەنیازە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی لە گەڵ ئیسرائیل، سیاسەتێکی نوێی سەربازی یان گوشارێکی دیپلۆماسی لە دژی ئێران بگرێتەبەر؟
لە ڕوانگەی مێژووییەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، ئێرانی ڕووبەڕووی گوشاری نوێ کردووەتەوە، لە سەپاندنی سزا و گەمارۆکانەوە تا ئۆپەراسیۆنی شاراوە و زیادبوونی مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ. لە ئێستاشدا بێدەنگی فەرمی لە سەر بەرەی ئێران لە بەیاننامەکەی کۆشکی سپی و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بابەتێکی گوماناوییە.
بە گشتی چەندین سیناریۆ بۆ قۆناغی پاش سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ واشنتن بوونی هەیە کە بریتین لە:
• چڕکردنەوەی گوشارە سیاسی و ئابورییەکان لە ڕێگەی جموجوڵی ناوچەیی و گوشاری سەر هاوپەیمانەکانی ئێران.
• فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییە سنوردارەکان بە شێوەیەکی ئامانجدار و بە هاوئاهەنگی هەواڵگریی نێوان واشنتن و تەلئەبیب، بە تایبەت لە دژی گرووپ و لایەنەکانی سەر بە ئێران لە لوبنان، یەمەن و عێراق.
• هەوڵی گوشارخستنە سەر ئەکتەرە ناوچەییەکانی وەک سعوودیە، ئیمارات و میسر تا ڕۆڵێکی بەرچاوتریان لە سنوردارکردنی بەرەی ئێران هەبێت.
هەر یەک لەم سیناریۆیانەش بۆ تاران تێچووی زۆری دەبێت و ئەگەری وەڵامدانەوە و پێکدادانی ناوچەیی بە دواوە دەبێت.