لاجان؛ گەنجانی کورد چۆن دەکرێنە قوربانیی بەرژەوەندی بارزانییەکان؟
لاجان؛ گەنجانی کورد چۆن دەکرێنە قوربانیی بەرژەوەندی بارزانییەکان؟
سەنتەری توێژینەوەی ڕووگە
ڕووداوەکانی گوندی لاجان سەر بە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، کۆڕەو و ڕاگواستنی زۆرەملێی کوردی لە سەردەمی بەعسدا وەبیرهێنایەوە، ئەمجارەش کورد لە ژێر دەستی حوکمڕانی بارزانییەکاندا ناچار بە کۆچ و جێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆی بووە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان دانیشتووانی گوندی لاجان و هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان سەریهەڵداوە و پارتی گەمارۆی خستووەتە سەر هاووڵاتیانی گوندەکە و بە پێی زانیارییەکان، هێزێکی پێنج هەزار کەسی بە دەیان تانک، زرێپۆش، باجەر و چەکی قورسەوە هەڵیانکووتاوەتە سەر گوندەکە.
هەرچەندە هێزە ئەمنییەکانی پارتی ڕێگری لە گەیاندنی زانیارییەکانی دۆخی سەپیندراوی سەر گوندی لاجان دەکەن، بەڵام وەک ئاماژە درا هێزێکی پێنج هەزار کەسی لە گوندی لاجان و دەوروبەری جێگیر کراون و ڕاگواستنی خەڵکی لاجان دەستیپێکردووە و ژمارەیەک لە گەنجانیش دەستگیر کراون.
هێزە پێنج هەزار کەسییەکەی پارتی پێکهاتووە:
• هێزی 1ی لەشکری گوڵان کە ڕاستەوخۆ لە لایەن مەنسور بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت (بۆ ئاگاداری: ئەم هێزە لە شەڕی داعش لە شەنگال هەڵهات).
• هێزی زێرەڤانی.
• هێزی ئاسایش.
• هێزی بەرگری.
• هێزی فریاکەوتن.
هێزەکانی پارتی لە گوندی لاجان و دەوروبەری، چوار بازگەیان داناوە و ڕێگری لە هاتووچۆی خەڵک دەکەن و شایەتحاڵان باسی ئەوەیان کردووە کە هێزەکان وەک دژبەر مامەڵە لە گەڵ خەڵکدا دەکەن و تەنانەت ڕێگری لە گەیاندنی نەخۆشەکانیش بۆ نەخۆشخانە دەکەن.
لاناز؛ بەرژەوەندی هاوبەشی بارزانییەکان و تورکیا
ساڵانێکە کۆمپانیای لاناز لە سەر زەوییەکانی گوندی لاجان درووستکراوە و لە لایەن بنەماڵەی بارزانی بە تایبەت مەنسور مەسعود بارزانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت.
کۆمپانیای لاناز ڕاستەوخۆ لە گەڵ کۆمپانیاکانی بیلالی زاوای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کار دەکات و دەتوانین بڵێین بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە. تورکەکان زۆرترین فەرمانبەری کۆمپانیای لاناز پێکدێنن و مووچەیەکی زۆریش وەردەگرن بەڵام کەمترین مووچە بە کوردەکان و خەڵکی ناوچەکە دەدرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە بوونی پاڵاوگەی لاناز بووەتە سەرچاوەی چەندین کێشەی تەندرووستیی وەک نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، چاو و کۆئەندامی هەرس لە نێو خەڵکی ناوچەکە بە تایبەت دانیشتووانی گوندی لاجان.